مافی هیوا.. ئەو مافە یاساییەی لە ڕێبەر ئۆجالان زەوتکراوە

ناوەندی هەواڵەکان

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی لە یاسا ناوخۆییەکانی تورکیا و ئاستی نێودەوڵەتییشدا، یەكێک لەوانە دەستەبەر نەکردنی مافی هیوایە بۆ ڕێبەر ئۆجالان، کە هەر زیندانییەک ماوەی ٢٠ ساڵ لە زینداندا بێت دەتوانێت داوای ئەو مافە بکات، بەڵام دەوڵەتی تورک پشت لەو یاسا جیهانییە دەکات و بەردەوامی بە فاشیزمییەتی خۆی دەدات.

مافی هیوا، بریتییە لە یاسایەک یان مافێک کە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەرچووە، بە پێی یاساکە هەر بەندکراوێک ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ زیندانی بکرێت، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی ئەوەی هەیە دووبارە پێداچوونەوە بە بڕیاری سزادانەکەیدا بکرێت یان ئازاد بکرێت یان بە ئازادبوونی مەرجدار.

ئەم مافە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی یاسای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا هاتە ئاراوە، دوای ئەوەی هەوڵ درا کە سزای لە سێدارەدان هەڵوەشێتەوە، لە جێی ئەوە سزای زیندانییکردنی هەتاهەتایی پێشخرا و لەلایەن چەندین دەوڵەت ڕەزامەندی لەسەر درا، بەڵام دواتر یاساناسان و دادگای سزادانی تاوانکاریی ئەوروپی، بۆی دەرکەوت ئەمە پێچەوانەی فەلسەفەی سزادانە لە یاسا و بەتایبەتتر ماددەی ٣ـی ڕێککەوتننامەی پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانە.

لە ماددەی ٣ـدا ئاماژە بەوەکراوە، کە نابێ هیچ کەسێک سزایەک یان ئەشکەنجەیەک بدرێت، کە ببێتە هۆی لە شکۆدانی مرۆیی کەسەکە، بەو پێیەش کە ئامانج لە سزادان بریتییە لە چاکسازیی لە کەسایەتی تاوانبار یان تا بتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە، بۆیە زیندانیی مافی ئەوەی هەیە کە هیوای هەبێت و دوای تەواوکردنی ٢٠ ساڵەکە ئازادبکرێت.

ئەگەر شیکردنەوە و خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ کەیسی ڕێبەر ئۆجالان بکەین، دەبینین هەر لە خاڵی دەستپێک کە بەدیلگرتنی جەستەیی دەستپێدەکات، تا دادگای ڕوالێتی و سیستەمی زیندانی ئیمرالی و ڕێگریی لە دیداری لەگەڵ پارێزەر و کەسوکارەکەی و سوودمەند نەبوون لە مافی هەبوونی هیوا، سەرجەمیان پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی تورکیان.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئۆجالان بە تاوانی تیرۆر لایەن دوڵەتی تورکەوە دادگایی ڕوالێتیی کراوە، کە ئەمەش بابەتێكی لاستیکییە، واتا بە تەواوی دەتوانرێت بەپێی بەرژەوەندیی دەستێوەردانی تێدا بکرێت، ئەو کردەوەیە لە تورکیا بە تیرۆر دادەنرێت ئەکرێ لە وڵاتێکی دیکە تاوان نەبێت، هەروەها بۆ خۆپەڕاندنەوە لە ماددەی (٢) لە ڕێکەوتننامەی مافی مرۆڤ و پاراستنی ئازادییە بنەڕەتییەکانە، کە دەڵێت ئەرکی یاسا پاراستنی مرۆڤە، نەک ئەوەی ستەمی لێ بکات.

لە ساڵی ٢٠٠٣، دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ و نیو بەسەر ڕفاندنی  ڕێبەر ئۆجالان، یاسادانەری تورکیا گۆڕانکاریی لە دەقی ماددەکانی دەکات و بە جۆرێک کە تاوانی تیرۆریستیی و تێکدانی ئاسایش وڵات بە هیچ جۆرێک لێخۆشبوونی گشتیی و ئازادکردنی مەرجدار نەیگرێتەوە.

هەروەها، پارێزەرەکانی ڕێبەر ئۆجالان، لە ساڵی ٢٠٠٣ دا داواکارییەکیان پێشکەش بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپیی کرد، لە ساڵی ٢٠١٤ وەڵامی داواکارییەکەیان درایەوە و لیژنەیەک لەناو دادگاکە پێکهێنرا بۆ پێداچوونەوە بە یاساکانی تورکیا و بەکارهێنانی مافی هەبوونی هیوا بە ڕێبەر ئۆجالان.

سەرەتا دەوڵەتی تورک بێ دەنگی هەڵدەبژێرێت، بەڵام دواتر ڕەتی دەکاتەوە هەنگاوێكی ئەرێنی بنێت و بە ئاشکرا دەڵێت مافی هیوا کەیسی ئۆجالان ناگرێتەوە، ئەمەش بەپێی بەندی (٥) لە ماددەی ٩٥ـی دەستووری تورکیا پێشێلکاریی یاسایە چونکە لەو ماددەیە ئاماژەبەوەکراوە، لە کاتی هەبوونی ناکۆکی لە نێوان بەندێکی یاسای ناوخۆ و بەندێکی ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتیی، لە پێشینە بۆ ڕێککەوتننامەکەیە، کە تورکیاش ئەندامە لەم ڕێککەوتنامەیەدا کە دانی بە مافی هەبوونی هیوادا ناوە.

هەروەها ماوەی نزیکەی سێ ساڵە گۆشەگیرییەکی توند خراوەتەسەر ڕێبەر ئۆجالان و ڕێگە بە پارێزەرانی نادرێت سەردانی بکەن، ئەمەش جارێکی دیکە پێشێلی ماددەی ٦ـی بەندی “ج” کە دەڵێت، تاوانبار لە ڕێی پاریزەر نوێنەرایەتیی خۆی دەکات پچڕانی پەیوەندیی ئەم نێوەندەش پێچەوانەی یاسایە.

تا ئێستا نزیکەی ٨٠٠ پارێزەر لە سەندیکا جیاوازەکانی جیهانەوە بە پێشکەشکردنی ئیمزا و داواکاریی، بەشداربوون لە هەڵمەتی ئازادیی بۆ ئۆجالان و پێیان وایە ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیکات، بە تەواوی پیشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی تورکیایە.

ب. جـ

Comments are closed.