بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لە نێوان شایی و شیوەندا

چۆمان محەمەد

دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی٢١-٢-٢٠٢٤، دوو بڕیاری دەركرد تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن و پرسی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، وەك هەمیشە دوو ئاراستەی جیاواز و دژ بە یەك دروستبووە لە نێوان پشتگیریی كردن و ڕەتكردنەوە و ناڕازیبووندا.

ئەم دوو بڕیارە، هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی ترەوە، چونکە لێكەوتە و كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر زۆرینەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، كاریگەری دەبێت لەسەر گۆڕینى دید و تێڕوانینەكان لەسەر مووچە شایستە داراییەكانی هەرێم و ئەو مامەڵانەی پێشتر بەغداد دەرهەق بە هەرێم دەیكرد، ناوەڕۆكی بریارەكان خاڵی باشی تێدایە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و پرۆسەی دیموكراسیی و دادپەروەریی نوێنەرایتییكردن و ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام چەندین بڕگەی تێدا هەن مایەی هەڵوێستە لەسەركردنە بۆ داهاتووی ئەم میللەتە و قەوارەی هەرێمی كوردستان، كە لە داهاتوودا ئاماژەی پێدەدەین.

لە ئێستادا كێ بەرپرسە و دەبێت لۆمە بكرێت لەوەی هیچ بە دەست كوردەوە نەماوە؟؟

هاواركراو داواكراو پێشنیاری دڵسۆزانە كرا، كۆمیسیۆنی هەرێم كارا بكەنەوە و یاسایی هەڵبژاردن بە سازان هەموار بكەن، هاوار كرا حكومەتی هەرێم خەمی زیاتر مووچە بخۆن زووتر لەگەڵ ناوەند رێکبكەون بۆ پرسی نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم، بەڵام بە هۆی عینادی سیاسیی و تێروانی حزبیی، ببینن دۆخی سیاسیی و هەڵبژاردن و حكومەت و پەرلەمان و حزبایەتییان توشی چەقبەستویی كردووە لە هەرێمدا، چارەسەرەكان و كارتەكانیان بردووەتەوە بەغداد، دەشبینن ڕۆژ بە ڕۆژ فشارەكان زیاتر دەبن لەسەر هەرێمی كوردستان، لەم نێوەندەشدا خەریكە خەڵكی دیکە و هاوڵاتییانى هەرێم تۆمەتبار دەكەن بەوەی پەنا بۆ بەغداد دەبەن.

هەموو هاوڵاتییان و مووچەخۆران و لایەنە سیاسییەكان مافی خۆیانە دڵخۆشبن بەم جۆرە بڕیارانە، بەڵام بەرلەوەی زیادەرۆیی لە خۆشی دەربڕیندا بكەین پێویستمان بە تێپەرینی ماوەیەك هەیە بزانین ئاخۆ ئەم بریارانە چۆن جێبەجێ دەبن، بە تایبەت بۆ پرسی مووچە و شایستە داراییەكان، چونکە بریاری دادگا دەبێت بخرێتە ناو هەمواری یاسای بودجە، پێویستە حكومەتی هەرێم و حکومەتى ناوەند چەند ڕێكار و هەنگاوێك بگرنەبەر، چونکە بەشێكی زۆرى بڕیارەكانی دادگا هەنگاو و جوڵەی حكومەتی دەوێت، دەبێت ئارام بگرین بزانین سەرۆكایەتی هەرێم كەی مەرسووم دەر دەكات بۆ هەڵبژاردن ئاخۆ دەرئەنجامەكان گۆرانكاریی گەورەی لێدەكەوێتەوە، دەشبێت لێی وردبینەوە ئایا پارتی ڕێگرییەكانی چین بۆ بڕیارەكان، كە ئاسان نییە وەستانەوە لە بەرامبەر ئەم بریارانەدا.

ئ.م

Comments are closed.