سەرۆکی شارەوانی کەرکووک: خۆمان لە پاکردنەوەی ناو شاری کەرکووک ڕازی نیین

بڕوا ئەسعەد

دۆخی خزمەتگوزاری  و کۆبوونەوەى خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکانى کەرکووک لەگەڵ ئەوەى هاوڵاتییانى نیگەران کردووە، سیمایەکى ناشرین و قێزەونیشی بەشارەکە داوە، سەرۆکی شارەوانی کەرکووک دەڵێت: خۆمان لە دۆخی پاکردنەوەی کەرکووک ڕازی نیین، دوو پڕۆژەی تازەمان هەیە کە بەتەواو بوونی دەتوانین بەتەواوی شارەکە پاک بکەینەوە.

هاوڵاتییانى شاری کەرکووک ناڕەزایەتى و نیگەرانی زۆریان لە دۆخی خزمەتگوزاریی و پاک و خاوێنی شارەکەیان هەیە و پێیانوایە حکومەتی خۆجێیی بە کەمتەرخەم و بەرپرسیار دەزانن لەوەى شەقامەکانى شارەکەیان پڕ بووە لە خۆڵ و خاشاک، ڕۆژنیوز ئەو نیگەرانی و ناڕەزایەتییانەى گەیاندە لای سەرۆکی شارەوانى کەرکووک و ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی بەمجۆرەیە دایەوە.

ئەحمەد عومەر
ئەحمەد عومەر

ئەندازیار ئەحمەد عومەر، سەرۆکیی شارەوانی کەرکووک ڕایگەیاند: خۆمان لە دۆخی پاکردنەوەی کەرکووک ڕازی نیین، بەڵام لە ئێستادا دوو پڕۆژە لە پارێزگای کەرکووکدایە، یەكێکیان ئاشکرا کراوە و گرێبەستەکەشی تەواو بووە، پڕۆژەی دووەمیش یەکی مانگی ئازار دەکەوێتە کار، هەردوو پڕۆژەکە تایبەتن بە پاککردنەوەی ناو کەرکووک، بەوشێوەیە دەتوانیین بە تەواوی کەرکووک پاک بکەینەوە.

وتیشی: ساڵی ٢٠٢٣ بوودجەی شارەوانی کەرکووک ٦٣ ملیار دیناربوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ ٦٠ ملیار دینار تەرخان کراوە، بە داخەوە لە ساڵی ڕابردوو نەمانتووانی لە پڕۆژەکاندا قیرتاوکردنی شەقام و کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکان ئەنجام بدەین، بە هۆی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی کەرکووک، پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆی گەورە بۆ کەرکووک جێبەجێ دەکات.

ئەحمەد عومەر سەبارەت بە بوودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی کەرکووک ئاماژەى بەوە کرد، کەرکووک بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری پێویستە بۆ جێ بە جێ کردنی پڕۆژەکان، ئەو ٦٠ ملیارەی بۆما تەرخان کراوە، بەشێکییان بۆ نۆژەنکردنەوەی باخچە و درووستکردنی پردی پەڕیینەوەی هاوڵاتییان و تەرخانکردووە، ٢ ملیار دیناریان بۆ پاکردنەوە و ڕێکخستنی دەروازەکان تەرخانکردووە.

دەشڵێت: بۆ ئەوەی سیمایەکی جوان نیشان بدەین لە دەروازەکاندا، شەقامی پشتیوێنەیی کەرکووک، سەر بە بەڕێوبەرایەتی پرد و ڕێگەوبانەکانە، بە داخەوە تێبینیمان کردووە، ڕووداوەکانی هاتووچۆ زۆرن لەوێ، چەندین نووسراومان بۆ کردوون، ئاگادارمان کردوونەتەوە چاڵی زۆری تێدا درووست بووە، بەڵام کەمتەرخەمن، ئێمە وەکوو خۆمان چەندیین جار چاکمان کردووەتەوە بە پڕکردنەوەی قیر و کۆنکرێت.

سەرۆکی شارەوانی شارەوانی کەرکووک لە بارەی ڕێژەی سەوزایی لە شاری کەرکووک، نیگەرانی دەربڕی و وتی: بە داخەوە ڕێژەی سەوزایی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، نزیکی ٢% کە زۆر زۆر کەمە، لە پڕۆژەکانی ئەمساڵدا، گرنگیەکی زۆرمان داوە بە ڕێژەی سەوزایی، بلواری شەقامەکان پەرەی پێ دەدرێت و سەوز دەکرێن.

بە وتەى سەرۆکی شارەوانى کەرکووک، بڕیارە وەکوو تەندەر گرنگیی پێدان و ئاوەدانی بلوارەکان بدرێت بە بەڵێندەرێک، هەروەها چەندین باخچەی نوێ درووست دەکرێن لە ناو شاردا، بە تایبەت ئەو شوێنانەی لە ناو گەڕەکەکان تایبەتن بە باخچە لە نەخشەدا، ئەمساڵ کاریان لە سەر دەکرێت.

سەرۆکی شارەوانی کەرکووک داوایەکی ئاڕاستەی خەڵکی شاری کەرکووک کرد و وتی: هیوادارین هاوڵاتییان یارمەتیدەری تیمەکانی پاککردنەوەبن، خۆڵ و خاشاک بە هەڕەمەکی فڕێ نەدەن، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین بە شێوەیەکی ئاسان کۆی بکەینەوە، بە هەموومانەوە ئەم شاری کەرکووک پاک بکەینەوە.

هـ.ح

Comments are closed.