لە مەراسیمێکدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە هونەرمەند محەمەد عەباس

ڕۆژنیوز – سلێمانى

ئێوارەى ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، لە مەراسیمێکی شایستەدا خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەندی دیارى کورد، محەمەد عەباس.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی جەمال عیرفان، بە سەرپەرشتی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە بە هاوکاریی کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت، لە مەراسیمێکی شایستەدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام، هەروەها لە مەراسیمەکەدا، هەریەکە لە شاعیر فەرەیدوون بەرزنجی و موزسیان چالاک سدیق، لەبارەی بەرهەمەکانی هونەرمەند سەرنجی خۆیان خستەڕوو.

دەستپێکی مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕاوەستان بۆ ڕووحی پاکی هونەرمەندانیی کۆچکردووی کورد دەستى پێ کرد و دواتر لەلایەن شاخەوان سدیق، بەڕێوەبەریی دامەزراوەیی کەریمی عەلەکە، وتاری بەخێرهاتنى ئامادەبووان خوێنرایەوە و تێیدا ستایشی خزمەتکردنی هونەری کوردی لەلایەن هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام کرا.

پاشان بە نیشاندانی فیچەرێک خزمەت و کارەکانی هونەرمەندیان لە ڕابردوودا خستە بەرچاویی ئامادەبووان، پاشان هەر یەکە لە فەرەیدوون عەبدول بەرزنجی شاعیر و چالاک سدیقی موزیسیان، بە وتەی خۆیان ستایشی خزمەت و بەرهەمەکانی هونەرمەندیان لەبارەى هونەرى کوردى کرد.

شاخەوان سدیق

لەوبارەوە شاخەوان سدیق، سەرپەرشتیاریی مەراسیمەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە وەک دامەزراوەیی کەریمی عەلەکە و کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت لە پای ئەو خزمەتە زۆرەی هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام، بە باشمان زانی پاش گەڕانەوەی مامۆستا لە دەرەوەی وڵات، وەک بەخێرهاتنەوە و ڕێزلێنانێک مەراسیمێکی شایستەی بۆ ساز بکەیین، جگە لەم مەراسیمە پۆستەرێک و پەیکەرێکمان بۆ هونەرمەند ئامادە کردووە لە چوارچێوەی پۆستەری ناودارانی کوردا، تا پێی بڵێین، سوپاس بۆ ئەو کاتانەی بە گۆرانی و ئاوازی کوردیت بەخشی.

هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام، ئاماژەی بەوە کرد، دڵخۆشە بە ساز کردنی مەراسیمەکە و هاوکات، ڕەخنەشی لە لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت گرت، کە بە پێی پێویست خزمەتی هونەر و زمانی کوردی نەکردووە، بە جۆرێک زمانی کوردی مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.

محەمەد عەباس

باسى لەوەشکرد، بەهۆی ناجێگیریی تەندرووستییەوە لە تۆمارکردنی بەرهەمی نوێ ڕاوەستاوە و مژدەی بە گوێگرانیشی دا، کە لە ئەگەری باش بوونی تەندرووستیدا بەرهەمی نوێ بۆ گوێگرانی تۆمار دەکات. لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بە بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بە هونەرمەند، هەروەها وتنەوەی چەند گۆرانییەکی هونەرمەند و چەپڵە ڕێزانی ئامادەبووانی مەراسیمەکەوە کۆتاییان بە مەراسیمەکە هێنا.

هونەرمەند، محەممەد عەباس بەهرام، لە ساڵی ١٩٥٢ لە گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵڵای کەرکووک لە دایک بووە، لە سەرەتای حەفتاکانى ڕابردوودا بەشی میوزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردووە، تا ئێستا نزیکەی ٣٠ گۆرانیی تۆمارکراوی هەیە، لە چەندان ئاهەنگ و فێستیڤاڵی هونەریی کوردی لە دەرەوەی کوردستان بەشداریی کردووە، لەڕووی میوزیکەوە پیانۆژەنێکی بەتوانایە و لە ١٩٨٥ ەوە لە سکۆتلەندا نیشتەجێیە.

ئ.م

Comments are closed.