ئارام جەمال: کاندیدی پێکهاتەکان لە پەرلەمان بەشداربوون لە قوڵبوونەوەی کێشە سیاسییەکان

سلێمانی

دادگای فیدڕاڵی عێراق کۆتایی بە کورسی کۆتاکان هێنا کە ساڵانێکە لەلایەن پەدەکەوە قۆرخکراوە و بەکاردەهێنرێن، ئارام جەمال، بەڕێووەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت: کاندیدەکانی ئەم پێکهاتانە لە وێستگەیەکدا لە پەرلەمانی کوردستان سەلماندیان کە لایەنگری لایەنێکی دیاریکراون و بەشدار بوون لە قوڵبوونەوەی کێشە سیاسیەکان.

ڕۆژی ٢١ـی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی یەکلایی کردەوە کە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان تۆمار کرابوو، دادگا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى ١١ کورسی کۆتاکان، بەوەش کۆتایی بەو ناکۆکییە هێنا کە لەنێوان پەدەکە و یەنەکە لەسەر ئەو کورسیانە هەبوو کە ساڵانێکی زۆرە پەدەکە بۆ خۆی قورخی کردوون.

ئارام جەمال، بەڕێووەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن و شارەزای هەڵبژاردن لەم چاوپێکەوتنەدا لەبارەی پرسی کورسی کۆتاکان و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بۆ  ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئارام جەمال وتی: دانانی کورسی بۆ پێکهاتە کۆتاکان و نەتەوە جیاوازەکان، وەک هاوکارییەک پێیان بەخشراوە تا بتوانن نوێنەرایەتییان هەبێت لە پەرلەماندا، لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ١١ کورسی بۆ سێ پێکهاتە دیاریی کراوە، بە پێی یاسای ساڵی ١٩٩٢ ـــــــی هەموارکراو، کلد و سریان و ئاشور پێنج کورسیان بەرکەوت، لایەنەکانی تورکمان پێنج کورسی و ئەرمەنییەکانیش یەک کورسیان پێ درا، ئەو یانزە کورسییە لەسەر ئەساسی نەتەوەیی دراوە بەو پێکهاتانە نەک ئاینی.

وتیشی: لە دوای چەسپاندنی یاساکە بڕگەیەک هەبوو پێویست بوو هەبێت، ئەویش ئەوە بوو، کە دەبێت تەنها دەنگدەرانی ناو ئەم پێکهاتانە دەنگ بە کاندیدەکانیان بدەن، بەڵام بە نەمانی ئەم بڕگەیە سوودی زۆر لەم یاسایە بینرا، کاندیدەکانی ئەم پێکهاتانە لە وێستگەیەکدا لە پەرلەمانی کوردستان سەلماندیان، کە لایەنگری لایەنێکی دیاریکراون، لە زۆر وێستگەدا بەشدار بوون لە قوڵبوونەوەی کێشە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بە پێچەوانەی ئەوەی، کە دەبوو بیکەن.

بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن ئەوە بە نوونە دەهێنێتەوە، لە یاسای خۆپیشاندان و سەرۆکایەتی هەرێمدا، تەنانەت لەگەڵ درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانیشدا بوون، ئەم هۆکارانە بوون وایانکرد، کە خەڵک وابیربکەنەوە ئەم هێزانە بوونەتە داردەستی هێزێکی سیاسیی و ڕێگرن لە گەشەی دیموکراسیی.

بەوتەى ئارام جەمال ئەمانە وایکرد کە یەکێتی ڕەخنە لەبابەتی کورسی کۆتاکان  بگرێت و لە دوای ١٢ دانیشتنی دادگای فیدراڵی، بڕیاری ١١ کورسی بۆ کۆتاکان هەڵبووەشێتەوە، ئەم بڕیارە سوودی دەبێت لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ کورسی پەرلەمان دەکات بە ١٠٠ کورسی و ئەمەش وادەکات کە پێویستت بە ٥١ کورسی بێت بۆ هەڵبژاردن.

بەبڕوای بەڕێووەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن بڕیارەکەى دادگای فیدڕاڵی ڕێگر نییە لەو پێکهاتانە کە بەشداری لەم خولەی هەڵبژاردن بکەن، بەڵکو دەتوانن لەگەڵ لیستەکانی تردا، یاخود بە هاوپەیمانیی پێکهاتەی یاخود لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکان بن.

هەروەها ئارام جەمال، لەبارەی ئەو لایەنانەی پشتگیری کورسی کۆتاکان دەکەن، باس لەوە دەکات، پێویستە ئەو حزبانەی کە لە خەمی کورسی کۆتاکاندان، دەتوانن کاندیدانی کۆتاکان لە ڕیزبەندییەکانی سەرەوەی لیستەکانیاندا دابنێین، تا بتوانن دەنگی پێویست با دەست بهێنن و ببنە نوێنەری پێکهاتەکان بەشداری بکەن لەخولی داهاتووی کوردستاندا.

سەبارەت بە بڕیاردان بە هەبوونی سەد کورسیی لە پەرلەمانی کوردستاندا، ئەو شارەزایەى بوار هەڵبژاردن ڕوونیدەکاتەوە، پێموابوو ئەم بڕیارە لە کاتێکدا هەڵەیە کە بیانەوێت دەنگ لەسەر بڕیارێک بدەن و ڕێژەیان پەنجا بە پەنجا بێت و وتیشی: “ئەم کێشەیە دەکرێ لە بڕیاری ناوخۆی پەیڕەوی پەرلەماندا ک لە سەرەتای هەر خولێکی پەرلەمان دادەنرێت بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان، هەموار بکرێتەوە بەو جۆرەی کە هەر لایەک دەنگی سەرۆکی پەرلەمانی لەگەڵ بوو، ببێتە بڕیاری یەکلاکەرەوە.”

لەسەر کات و وادەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئارام جەمال ئەوە دەخاتەڕوو کە تا ئێستا کاتێک دیاری نەکراوە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: بڕیاری تەواو نەدراوەتە دەست هیچ کام لە کۆمسیۆنەکانی عێراق و کوردستان بۆ دیاریکردنی وادەیەک، بەڵکو دەبێت ئەم بڕیارە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەو ڕۆژە ببێتە ڕۆژی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.”

ئارام جەمال، پێییوایە کە بڕیاری چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵگری دوو لێکدانەوەی جیاوازە و دەکرێت ئەم بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی خولەکانی دیکەی پەرلەمان بێت و دەشکرێت تەنها بۆ ئەم خولە بێت و دواتر یاسای تایبەت بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم  هەموار بکرێتەوە کۆمسیۆنێکی نوێ هەڵبژێردرێت، چونکە تا ئێستاش هیچ یاسایەک نییە، کە بڵێت کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان نادەستوورییە.

سەبارت بە کێشەی سیستمی یەک بازنەیی و چوار بازنەیی لە نێوان لایەنەکان، ئەو شارەزایەی بواری هەڵبژاردن ڕوونیدەکاتەوە، لە بنەڕەتدا ١١ کورسیی پێکهاتە کۆتاکان کێشەی نێوان لایەنەکان و بەتایبەت پەدەکە و یەنەکە بووە، ئەگەرنا لە نێوان دانیشتنەکانی نێوانیاندا لەنزیکبوون لە ڕێککەوتن.

هەر لەسەر ئەو پرسە ئەوەشی خستەڕوو، سیستمی یەک بازنەیی و چوار بازنەیی لە ئێستادا زۆر کێشە نییە، چونکە تەزویرکردن ( ساختەکاری) لە هەڵبژاردندا لە دوای سیستمی بایۆمەتری زۆر زەحمەتە، لەگەڵ بوونی ئامێری پێشکەوتوو، بەڵام بێگومان سیستەمی چوار بازنەیی باشترە، چونکە پەیوەندی نێوان دەنگدەر و کاندیند زیاترە.

ئارام جەمال، لە بارەی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، ئەوەی خستەڕوو، لە ماوەی ڕابردوودا، دوانزە دانیشتنی دادگای فیدراڵییەوە، بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیی کورسی پێکهاتە کۆتاکان کاتێکی زۆر بووە و بابەتێکی سیاسی لە پشتەوە بووە، هەروەها جەختیشی کردوە، “بڕیاری دادگای فیدراڵی هەرچییەک بێت، پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندبن پێوەی و جێبەجێی بکەن، جا گەر دەستوری بێت یاخود نادەستووری بێت.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت: ئەم هەڵوەشاندنەوەیە کۆتایی نییە بۆ پێکهاتەکان، دەتواندرێت جارێکی دیکە یاساکە هەموار بکرێتەوە، تەنها ئەوە گرنگە بۆ ئەم جارە لەبیری نەکەن، کە دەبێت دەنگدەرانیان تەنها لە ناو خودی پێکهاتەکاندا بێت و پرسەکەیان بەلاڕێدا نەبرێت.

هـ.ح

Comments are closed.