ژنانی کورد هەمیشە داینەمۆی تێکۆشانی ئازادیین

ناوەندی هەواڵەکان

سەرباری ئەوەی ژنانی کورد وەکو هەموو ژنانی جیهان ستەمیان بینیووە و بێبەشیان چێشتووە، بەڵام لە چەند دەیەی پێشوودا و لە پاش سه‌رهه‌ڵدانی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی گه‌لی کورد، پێشکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە، گەر بووترێ پێشەنگایەتی بۆ هەموو ژنانی دوونیاش دەکات شتێکی دوور لە ڕاستی نەوتراوە.

بۆ هەڵسانگاندنی ئەم بابه‌ته‌ و بۆ لێکدانەوەی هەر پێشکەوتنێک، پێویستە مرۆڤ خاڵی دەستپێک، خاڵی کۆتایی و مەودای نێوانیان لە بەرچاو بگرێ، ئەگەر چاوێک بە مێژووی ژنانی کورد و پێگەکەیدا بخشێنین و لەگەڵ ئەو دەستکەوتانەی تائێستا ژنی کورد بەدەستی هێناوە، بەراورد و هەڵسەنگاندی بۆ بکەیین، بۆمان دەردەکەوێت ژنی کورد گۆڕانکاری هەرە مەزنی لە مێژووی خۆیدا کردووە و مێژوویەکی نوێی تۆمار کردووە.

کۆمەڵگەی کوردەواری و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی، ناوچەیەکن ژن تێیدا زۆر بە توندی چەوساوەتەوە و ئێستاش ڕۆژانە دەچەوسێنرێتەوە، لەم کۆمەڵگەیانەدا ژن کەمتر لە پیاو سەیر دەکرێت، وەک “ژێر دەستە و زەعیفە” هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کراوە و بەو جۆرە کەسایەتی ژن بنپێ کراوە، ژن لە جەوهەری خۆی دوور خراوه‌ته‌وە، وەکو کاڵایەک چاوی لێکراوە، وەک مرۆڤێک ڕێگەی پێنەدراوە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشدار بێت، هەمیشە دەرفەتی گەشەسەندن و خستنەڕووی تواناکانی لێزەوت کراوە.

ئەو کۆمەڵگەیەی ئیستا هەیە بە ڕەنج و تێکۆشانی ژنان ژیانی درووست کراوە، ئەگەر ئەو ڕەنجە نەبووایە، بەهیچ شێوەیەک کۆمەڵگە درووست نەدەبوو، بەڵام سیستمی سەرمایەداریی و شارستانیەتی مۆدێرن دەستدرێژی کردووەتە سەر ڕەنجی ژن و لەپێناو کارکردنی زیاتردا، دەسەڵاتی فاشیزمی بەسەر جیهاندا سەپاندووە.

ئەو سیستمە نەک تەنیا دەستدرێژی کردووەتە سەرئەو ژیانەی، کە ژن درووستی کردووە، بەڵکو دەستدرێژی کردووەتە سەر لەش و ڕۆحیشی، هەربۆیە تێکۆشانی ژنان لە پێناو یەکسانیی، ئازادیی و دادپەروەریی لە هەر کاتێکی دیکە گرنگ و پێویست ترە.

 “ژنان لە هەر شوێن و جێگەیەکدا بن؛ تەنها لەبەر ئەوەی ژنن بە چەندین ڕەنگ و شێوەی جیاواز دەبنە قوربانیی و توانا و بەهرەکانیان بە کەم تەماشا دەکرێت”

دەکرێت بوترێت سەرەتای ئەم جۆرە ڕوانینە بۆ ژن، دەگەڕێتەوە بۆ دەرکەوتنی دەسەڵاتی پیاوسالاریی، کە وایكرد ژن ببێتە کۆیلە و بندەستی پیاو وەک بوونێکی سرووشتی تەماشا نەکرێت.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ژن هەرگیز لە تێکۆشان و هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە بەچۆکدا نەهاتووە و تەسلیمی ئەو واقعە نەبووە، کە بەسەریدا سەپێندراوە، قۆناغ دوای قۆناغ، شێوە و فۆڕمی جیاواز دراوە بە تێکۆشان لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادیی و یەکسانی و دادپەروەریدا.

بە سەرهەڵدانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان و درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” ژنانی کورد بووە داینەمۆی تیکۆشانن لە پێناو دادپەروەریی و ئازادیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

قۆناغی پێش سەرهەڵدانی بزووتنەوە فێمینیزمییەکان مێژوویەکی قوڵ و فرە ڕەهەندی هەیە، بۆیە لێرەدا زیاتر تیشک دەخەینە سەر دوای دەرکەوتنی بزوتنەوەکا ڕێکخستنکراوەکان و ڕاپەڕینەکانی ژنان لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا.

بەتایبەت ساڵی ١٨٥٧، ژنانی کرێکار لە کارخانەی ڕستن و چنین لە نیۆیۆرکی ئەمریکا، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ماوەی کارکردن و پێدانی کرێیەکی شایستەتر، خۆپیشاندانێکی گەورەیان ئەنجامدا.

لەو کاتەوە تێکۆشانێکی بێوچانی دەستی پێکرد، گواسترایەوە بۆ شار و وڵاتانی دیکە و ژنان لەپێناو مافەکانی خۆیان و سەرجەم کرێکارانی جیهان سەدان قوربانییان دا و ئێستاش بەردەوامن.

بە سەرهەڵدانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، دروشم و بانگەوازییەکی تەواو جیاواز بۆ بەرقەرارکردنی یەکسانی و دادپەروەری هاتە ئارا و ئازادیی و پێگەی ژن بووە مەرجی یەکەمیی و سەرەکیی بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی تەواوی مرۆڤایەتی.

ئێستا  “ژن، ژیان، ئازادیی” ئەو درووشمەیە، کە لە ئاکامی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد لە دڵی باکووری کوردستانەوە بووەتە جیهانیی.

“هەتا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت”

ڕێبەر ئۆجالان ژنی وەک یەکەمین نەتەوەی بە کۆیلەکراو لە مێژوودا پێناسە کردووە و لە دوای ئەوەی ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژنی لە ساڵی ١٩٩٨ دا گەڵاڵە کرد و ڕایگەیاند، “هەتا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت”.

ژن، ژیان ئازادیی بەرهەمی ٤٥ ساڵ تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی کوردستانە، ئەم تەڤگەرە لە یەکەمین کۆنگرەیەوە، کە دوو ژن تێیدا بەشداریان کرد، تا ساڵی ١٩٩٣، کە بۆ یەکەمین جار هەنگاوی بۆ بە سوپا بوونی ژنان هەڵگرت، بە قۆناغی دژواردا تێپەڕیوە، دوای قەڵەمبازی ١٥ـی تەباخ و دەستپێکردنی تێکۆشانی گەریلایی، ژنانی کورد بە هەوڵ و تێکۆشان و پێداگریی خۆیان و لە ئاکامی تێکۆشانێکی دژواردا جێگەی خۆیان لە ناو تێکۆشانی گەریلایی دا کردەوە.

ژنانی کورد هاوتەریب لەگەڵ چیاکان لە ناو کۆمەڵگەی باکووری کوردستانیش بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆیان بەڕێکخستن کرد، لە ساڵانی ١٩٩٠کان و بە تایبەت ساڵانی ٢٠٠٠کانەوە، تێکۆشانی ژنانی کورد لە شەقامەکانی باکووری کوردستان مۆرکی خۆیان لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دا.

درووشمی ژن، ژیان، ئازادیی بەرهەمی ئەو قۆناغەی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی باکوورە، لەو کاتەوە ئەو دروشمە لەنێو تێکۆشانی ئازادیدا بووەتە هێمای پێشەنگایەتیی ژنانی کوردستان، بەمشێوە شۆڕشی ژیانەوەی ژنان جارێکی تر، لە سەر ئەو خاکەی شۆڕشی کشتوکاڵیی تێدا پێکهات بوو، دەستی پێکرد و گەیشت بە ئاستێک، کە ئێستا سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جیهانی تەنیووەتەوە.

بەم شێوە تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئۆجالان شۆڕشی لە ناو شۆڕش دا پێکهێنا و ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئازادیی ژنان خۆش کرد.

ئێستا ژنانی کورد لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بە تێکۆشانی قارەمانانەی خۆیان لە ناو ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادیی ژن دا پێشەنگایەتی بۆ ژنانی جیهان دەکەن.

هاوکات نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە ئێران، ئەفغانستان، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، ئەمریکای لاتین و تەواوی جیهان، دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی بووەتە درووشمی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان.

ش. ئـ

 

Comments are closed.