لەکاتى بەفر باریندا چۆن شۆفێری بکرێت؟

ناوەندى هەواڵەکان

هاتووچۆى سلێمانى بڵاوى کردەوە، لە کەش و هەوای بەفرباریندا شۆفێری کردن بۆ دوو هێندە قورس دەبێت بۆیە لەسەر تۆی شۆفێر پێویستە، کە بۆ سەلامەتی خۆت و کەسانی دەوروبەرت چەند ڕێنماییەک هەیە بە تەواوی جێبەجێی بکەیت.

بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى سلێمانى لەبارەى ئەوەى لەکاتى بەفر باریندا چۆن شۆفێرى بکرێت ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا چەندین ڕێنمایی دەداتە شۆفێران.

لەکاتى بەفر باریندا چۆن شۆفێری بکرێت؟

یەکەم– کەمکردنەوەی خێرایی بۆ ڕادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیلەکەت هەبێت واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە ٣٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە ٦٠ کیلۆمەتر یان کەمتر بە گوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.

دووەم– پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکەی خۆت و ئۆتۆمبێلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە.
، چونکە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێل.

سێیەم– ئیشکردنی ڕووناککەرەوە(گڵۆپ)ـی نزم و ڕووناککەرەوەی تەم گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە بارینی بەفرو بوونی تەم ڕێژەی بینین کەم دەکاتەوە.

چوارەم– دڵنیابوون لەوەی، کە ئۆتۆمبێلەکەت کەم و کوڕی نییە و پێویستە بانزینی تەواو لە ئۆتۆمبێلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.

پێنجەم– بوونی بەتانییەک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەت بۆکاتی پێویست.

شەشەم– نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت، بەڵکو بە دەبێت بە لەسەرخۆیی ئیستۆپ بگرێت.

حەوتەم– سەردان نەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بە مەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.

هەشتەم– لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان، کە ئەمانەن هاتوچۆ بە ژمارە ١٨٨، پۆلیسى فریاکەوتن بە ژمارە ١٠٤، فریاگوزراى تەندروستى بە ژمارە ١٢٢، بەرگرى شارستانى بە ژمارە ١١٥.

ئ.م

Comments are closed.