لە سلێمانی پانێڵێک لەبارەی پێکەوە ژیانی ئاین و نەتەوەکان بەڕێوەچوو

سلێمانی

لە شاری سلێمانی، پانێلێک لە بارەی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و ئاینەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو و بەشداربووانی پانێلەکە ڕایانگەیاند، ئاین نابێت بە ڕێگریی لە نێوان پێکەوە ژیان ئەگەر بیری توندڕەوى نەبێت، ئاماژە بەوەشدرا، کورد هەمیشە گەلێکی ئاشتییخواز بووە، بەڵام هێرشیان کراوەتە سەر و پێکەوە ژیانیان لێ تێکداوە.

ئەمڕۆ، لە سەنتەری ڕۆشنبیریی سەرا لە شاری سلێمانی، بە هاوبەشی هەریەک لە ڕێکخراوی لیانا، بزاڤی ئاشتیی و سەنتەری ڕۆشنبیریی سەرا، پانێلێک سەبارەت بە پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئاینەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو.

هەریەک لە عەبدولرەحیم سەعاتچی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، لەبارەی پێکەوە ژیان لە ڕوانگەی ئاین، سابیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ، لەبارەی پێکەوە ژیان لە ڕوانگەی مافی مرۆڤ، کەیوان ئازاد، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، لەبارەی مێژووی پێکەوە ژیان، بەشدارییان لە پانێلەکە کرد.

عەبدولڕەحیم سەعاتچی، یەكێک لە بەشداربووانی پانێلەکە بە ڕۆژنیوزی وت: لە هەرێمی کوردستان پێکەوە ژیانی نێوان ئاینەکان لە ئاستێکی باشدایە، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرکەوتەی ئاینمان نەبووە، لەوانەیە لە هەندێک شوێن و هەندێک کاتدا هەندێک خەڵکی توندڕەو و دەمارگیر هەبێ، بەڵام بە گشتی لە ئاستێکی باشدایە.

پاشان، سابیر عەبدوڵا، بەڕێوبەری نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ و یەکێکی دیکە لە بەشداربووان، بە پێشکەشکردنی پانێلێک باسی لە گرنگی پێکەوە ژیان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کرد و بە ڕۆژنیوزی وت: وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە نووسینگەی سلێمانی، جەخت لەوە دەکەینەوە، کە چۆن واتا جوانەکان و بنەما جوانەکانی ناو جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ جێ بکەینەوە لەناو کۆمەڵگەکەمان.

وتیشی: بابەتی ئەمرۆمان تایبەتە بە پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و نەهێشتنی جیاکاریی و توندڕەویی و ڕەگەزپەرستی، سەرنج دەخەینە سەر ئەوەی چۆن پەیڕەوانی ئاینەکان پێکەوە بژین دوور لە ڕق و کینە و یەکدی بایکۆت کردن.

هەروەها، پڕۆفیسۆر کەیوان ئازاد، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی و یەکێک لە بەشداربووان، لەبارەی مێژووی پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کورد هەمیشە گەلێکی ئاشتییخواز بووە، بەڵام هەردەم لە هێڵی بەرگرییکردندا بووە، بە درێژایی مێژوو ئەو گەلانەی، کە لە هێڵێ بەرگرییدا بوونە هێرشی زیاتر کراوەتە سەریان و پێکەوە ژیانیان لە تێکدراوە.

لە کۆتایی پانێلەکەدا ئامادەبووان بە گفتوگۆکردن کۆک بوون لەسەر برەودان بەو کارانەی، کە پێکەوە ژیانی ئاینیی و نەتەوەیی زیاد دەکات.

ب. جـ

Comments are closed.