لە ٥٤ـەمین ساڵڕۆژی بە شارۆچکەبوونی کەلار پێشانگایەکی کتێب کرایەوە

گەرمیان

لە ٥٤ـەمین ساڵرۆژی بە شارۆچکەبوونی کەلاردا، کتێبخانەی شار بە درووشمی”بە کتێب شار گەشە دەکات”، پێشانگایەکی کتێبی کردەوە و سەرپەرشتیاری پێشانگاکەش دەڵێت: شار تەنها بە بینا و کۆشک و تەلار گەشە ناکات، بۆیە ئێمەش لەم ڕۆژەدا ئەم پێشانگایەمان کردەوە، بۆ خزمەتکردن بە بواری ڕۆشنبیریی لە گەرمیان.

ئەمڕۆ، لە کتێبخانەی گشتیی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە ٥٤ـەمین ساڵڕۆژی بە شارۆچکەبوونی کەلاردا، بە ئامادەبوونی دانیشتووانی شارۆچکەکە، کتێبخانەی شار پێشانگایەکی کتێبی کردەوە.

پێشانگاکە بە ئامادەبوونی خەڵکی شارۆچکەکە بەڕێوەچوو، داشکاندنیش بۆ کتێبەکان کرا بە ڕێژەی جیاواز.

ئیدریس ژاڵەیی، سەرپەرشتیاریی کتێبخانەی شار سەبارەت بە پێشانگاکە وتی: وەکو کتێبخانەیەک لە شارۆچکەی کەلار، پێمان خۆش بوو بە کارێکی ڕۆشنبیریی بە شدار بین لە خۆشی دەربڕینی کەلارییەکان، ئێمە لە کتێبخانەی شار ناوەندی شارمان هەیە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، لێرەشەوە پرۆژەی چاپکردنی قەڵەمە گەرمیانییەکان ڕادەگەیەنین بۆ خزمەتی گەرمیان، ئەوەش بە چاپکردنی کتێب لەسەر گەرمیان.

ئیدریس ژاڵەیی
ئیدریس ژاڵەیی

وتیشی: لە پێشانگاکە مەبەستی سەرەکیمان یادکردنەوەی ئەم ڕۆژەیە، نەک تەنها فرۆشتنی کتێب وەک پێشانگا تەقلیدییەکان، هەروەها وەک ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوە پیشاندانی کتێبەکانی خۆمانە لەگەڵ کتێبی دەزگاکانی دیکە، کتێبەکانیشمان هەمووی بە زمانی کوردییە، ئەو کتێبانەیشی، کە هی خۆمانە داشکاندنی زیاترمان بۆ کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک پرۆژەی ناوەندی شار ئامانجمان خزمەتکردنە بە بواری ڕۆشنبیریی گەرمیان بۆ گەشەپیدانی ناوچەکە، چونکە پێمان وایە شارۆچکەکەمان تەنها بە بەرزکردنەوەی کۆشک تەلار گەشە ناکات، بەڵکو پێویستمان بە کایەی ڕۆشنبیریی و کەلتوورییە.

شارۆچکەی کەلار، دەکەوێتە ئیدارەی گەرمیان لە باشووری کوردستان و لەسەر ڕۆخی ڕووباری سیروان هەڵکەوتووە، لە ساڵی ١٩٧٠ بە مەرسوومی کۆماری بڕیاری بە شارۆچکەبوونی بۆ دەرچووە و خرایە سەر پارێزگای کەرکووک، جارێکی دیکە ڕژێمی بەعس بە مەرسوومی کۆماری ژمارە ٦٠٨ لە ٦/١١/١٩٧٥ لەڕووی ئیدارییەوە خستیە سەر پارێزگای سلێمانی.

ب. جـ

Comments are closed.