لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ٥٠ كەس بەتۆمەتی بانگەشەی بایكۆتی هەڵبژاردن دەستگیر كران

ناوەندی هەواڵەكان

بەڕێووەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ  ٥٠ كەس بە تۆمەتی بانگەشەی بایكۆتی هەڵبژاردنی ١٢ـەمین خولی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامی دەستگیر كران.

ڕەحیم جیهانبەخش بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بارەی دەستگیركردنی چەند كەسێك بە تۆمەتی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئێران بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی دەدوێت.

ڕەحیم جیهانبەخش ڕاییگەیاند، ئەمڕۆ  ٥٠  كەس بە تۆمەتی بانگەشەكردن و هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەشداری نەكردن لە دەنگدان و هەڵبژاردنی ١٢ـەمین خولی پەرلەمان و ئەنجومەنی شورای وڵاتەکەمان دەستگیركراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوانەی دەستگیركراون لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوایان لە هاوڵاتییان و دەنگدەران كردووە، بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، دواتر لەلایەن هەواڵگری پۆلیس بە هەماهەنگی دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و جێبەجێ كراوە.

دەشڵێت، بەپێی یاسا، بڵاوكردنەوەی هەر پەیام و درووشمێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە و دژایەتیكردنی هەڵبژاردن، پێشێلكارییەكی زەقی یاسایە و بە تاوان هەژمار دەکرێت.

بەپێی ڕاپرسییە فەرمییەكانی ئێران چاوەڕێ دەکرێت تەنها لە ٣٠%ى ئەو کەسانەى مافى دەنگداتیان هەیە بەشدارى پڕۆسەى دەنگدان بکەن.

بڕیارە سبەینێ ١ـی ئادار پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شواری ئێران، لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەبچێت، كە ١٥ هەزار و ٢٠٠ كاندید كێبڕكێ لە سەر بەدەستهێنانی ٢٩٠ كورسی پەرلەمان دەكەن.

هـ.ئ

 

Comments are closed.