لە سلێمانی چەند چالاکییەک بۆ ٨ـی مارس بەرێوە دەچێت

سلێمانی

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا، كۆمیتەی ئامادەكاری ٨ـی مارس، دەستپێكردنی چالاكییەكانی ڕاگەیاند، کە لە سلێمانی و دەوروبەری چەندین سیمینار و سەردان و ڕێپێوان ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، كۆمیتەی ئامادەكاری ٨ی مارس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، دەستپێكردنی چالاكییەكانیان تایبەت بە ٨ـی مارس راگەیاند.

لە سەرەتای كۆنگرەكەدا شەیما نەبیل، ئەندامی کۆمیتەکە بە كورتەیەك باسی لە ڕۆژی جیهانی ژنان كرد و ڕایگەیاند: ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژێكی سیمبولیە بۆ تێكۆشانی ژنان دژ بە ستەم و دیكتاتۆریەت و دەسەڵاتداری نێرسالاری، بەڵام هەرچەندە كۆمەڵكوژیی مەزن لەسەر ژنان بەڕێوە دەچێت و سیستەم و دەسەڵات دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ خەبات تێكۆشانی ژنان درووست بكەن.

وتیشی: لەمڕۆدا ژنانی كورد بوونەتە سیمبوولی ئازادیی و بە فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادیی” ئەم سەدەیە بووە بە سەدەی شۆڕشی ژن، هەروەها ژنان پێشەنگایەتی بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و سیستمێكی دیموكراتی دەكەن، بە پێداگرییەوە لە بەرامبەر تەواوی ئەو توندوتیژیی و كۆمەڵكوژیی و ئاستەنگییانە دەوەستنەوە، كە لەسەر ژنان بەڕێوە دەچێت.

ئەوەشی خستەڕوو، تەواوی چالاكییەكانی ئەمساڵمان پێشكەش دەكەین بە ڕووحی پاكی شەهید فریاڵ سڵێمان، كە لە ١٨-١-٢٠٢٤ لە شاری كەركوك شەهید كرا و دەستپێكی چالاكییەكانی ئەمساڵمان، سبەینێ لە شوێنی شەهیدكردنی شەهید فریاڵ سلێمان بە لێدوانێك دەست پێدەكەین.

 كۆمیتەی ٨ـی مارس چالاكییەكانیان بەمشێوەیە ڕاگەیاند:

١- چالاكییەكانمان بە لێدوان و سیمینار لەبارەی ٨ـی مارس، لەسەر بنەمای ژن ژیان ئازادیی بەرامبەر ناحەقییەكانی كە بەرامبەر بە ژنان لە كۆمەڵگەدا بەڕێووە دەچێت لە زۆربەی شارەكان ئەنجامدەدرێت.

٢- لە هەندێك لە شار و شارۆچكەكان پێشانگای فۆتۆگرافی دەكەینەوە كە تێكۆشانی ژنان نیشان دەدات، هەروەها نیشاندانی كولتووری كۆنی كوردەواری ژنان و شەو چەرە ئەنجام دەدەین.

٣- بۆ پتەوكردنی پێكەوەیی لە نێوان ژنان (دانیشتنێكی پێكەوەیی هاوبەش) ئەنجام دەدەین.

٤- سەردانیكردنی ڕێكخراوەكانی ژنان و هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەواندا سەردانی مەزاری ژنانی بێكەس دەكەین.

٥- سەردانیكردنی ژنانی كاركەر و ڕەنجدەر و پێشكەشكردنی گول و نامیڵەكە بەسەریاندا.

٦- بە ئامادەبوونی چەند هونەرمەندێكی ژن ئاهەنگ ئەنجام دەدەین.

٧- بۆ ئەوەی دەنگی ژن لە شەقامدا ببیسترێت و بڵند بێت چالاكی ڕێپێوانی مەدەنی ئەنجام دەدەین .

ب. جـ

Comments are closed.