ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق ڕاگرت

ناوەندى هەواڵەکان

وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاوى کردەوە، جارێکی دیکە ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق ڕاگیرایەوە، دەشڵێن: بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێرانەوە، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق چوار ھەزار مێگاوات کەمبووەتەوە.

وەزارەتی کارەبای عێراق، لەبارەى ڕاگرتنى هەناردەى غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا، خەریکە ھەوڵەکانی وەزارەتەکەمان بۆ چاککردنەوەی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا تەواو دەبن، بۆ ئەوەی لە ھاوینی داھاتوودا کارەبای پێویست بۆ ھاوڵاتییان دابین بکەین، بەڵام ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق ڕاگیرا.

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێرانەوە، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چوار ھەزار مێگاوات کەمبووەتەوە.

دەشڵێن: ڕێکارى بە پەلەمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بڕی زیاتر لە سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور دابین بکرێت، تا بتوانرێت کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوەی قەرەبوو بکرێتەوە .

جێگەى ئاماژەیە، ماوەى چەندین ساڵە عێراق بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ماوە ماوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق رادەگرێت.

ئ.م

Comments are closed.