كۆمسیۆن ماوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی هەرێمی درێژكردەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ مەبەستی بەشداریكردنی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بۆیە تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی هەرێم بۆ ماوەی پێنج ڕۆژی دیكە درێژكرایەوە، ئەمە بۆ جاری دووەمە ئەم پرۆسەیە درێژ دەكرێتەوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە بارەی درێژكردنەوەی ماوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

جومانە غەلای ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە بە درێژكردنەوەی ماوەی تۆماركردنی بایۆمەتری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بۆ پێنج ڕۆژی دیكە، بڕیارەكە بۆ مەبەستی بەشداریكردنی زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەدایكبووانی ساڵی ٢٠٠٦ـیش دەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەشداری بكەن.

پێشتر جومانە غەلای ڕایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەشی لە هەرێم سەردانی ناوەندەكانی تۆماری بایۆمەترییان كردووە، تا ١٥ ئەم مانگە گەیشتووەتە ٣١ هەزار و ٨٨٩  كەس، هەروەها تاوەكو ٢٢ـی ئەم مانگە، دوو هەزار و ٣٤٧ كارتی بایۆمەتری بە دەنگدەران دراوەتەوە و پرۆسەی دابەشكردنەوەی كارتەكانی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەی دەنگدەران لە هەرێم سێ ملیۆن و ٧٨٩ هەزار و ٤٠٥ دەنگدەرە، كە مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەوانەی كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٥٠ هەزار كەسە.

بەم پێیەش، ماوەی تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەرانی هەرێم تا ١ـی ئەم مانگە درێژە دەکێشێت.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەگەڵ سەرۆكاییەتی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەرێم، كۆمیسۆن داوا لە سەرۆكایەتی هەرێم دەكات، لە نێوان ڕۆژانی ٥ بۆ ١٠ حوزەیرانی ئەمساڵ ڕۆژێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێم دیاری بكرێت، هەڵبژاردنەكەش لەلایەن عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.