لە ئێران هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شورا دەستی پێكرد

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ ناوەندەكانی دەنگدان دەرگاكانیان بەڕووی دەنگدەرانی ئێراندا كردەوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە ١٢مین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای ئێران بكەن.

میدیاكانی ئێران لە بارەی دەستپێكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شورای ئەو وڵاتە زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ ناوەندەكانی دەنگدان دەرگاكانیان بەڕووی دەنگدەرانی ئێراندا كردەوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە ١٢مین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورا بكەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەكۆی ٨٥ ملیۆن هاوڵاتیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ٦١ ملیۆن هاوڵاتیی مافی دەنگدانیان هەیە، هاوكات زیاتر لە ١٥ هەزار كەس بۆ پەرلەمان كاندیدن، هەروەها ١٤٤ كەسیش بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری كاندیدن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ٣٠ ملیۆن دەنگدەر واتە نزیكەی نیوەی دەنگدەران ئێران ژنن، ڕێژەی كاندیدانی ژن تەنیا ١٢٪ـە، هەروەها لە كۆی ٢٩٠ پەرلەمانتاری ئێستا تەنیا ١٦ پەرلەمانتار ژنن، بڕیاریشە هەڵبژاردنی هەردوو دامەزراوە یاساییەكەی ئێران بە یەك خول بەڕێوەبچێت.

ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتییە سیاسییە ڕیفۆرمخوازەكانی ئێران ڕایانگەیاندووە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی وڵاتەكەیان ناكەن، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە وەڵامیاندا دەڵێت: بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن، هیچ دەستكەوتێكی بۆ كەسانی ناڕازیی نابێت.

چالاكوانانی بواری ژنان لە شاری سنە ڕایانگەیاند: بایكۆتی هەڵبژاردنی ١٢ـەمین خولی پەرلەمان دەكەن، بانگەوازیشیان بۆ خەڵكی ئێران كرد، كە ڕۆژی ١ـی ئادار لە ماڵەكانیان بمێننەوە و ئەو جۆرە هەڵبژاردنە ڕەتبكەنەوە.

دوێنێ ڕەحیم جیهانبەخش بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری ورمێ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ  ٥٠  كەس بە تۆمەتی بانگەشەكردن و هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەشداری نەكردن لە دەنگدان و هەڵبژاردنی ١٢ـەمین خولی پەرلەمان و ئەنجومەنی شورای وڵاتەكەمان دەستگیركراون.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ژمارەی ئەو كەسانەی كە مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی مەجلیس و مەجلیسی سەركردایەتیی كارناسان لە خولی ئێستادا ٦١ ملیۆن و ١٧٢ هەزار و ٢٩٨ كەسە، لە كاتێكدا كۆی گشتی كاندیدەكان ١٥ هەزار و ٢٠٠ كاندیدە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا و ١٤٤ كاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی.

هەڵبژاردنی هەردوو دامەزراوە یاساییەكەی ئێران بە یەك خول بەڕێوەدەچێت، ٥٩ هەزار بنكەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ دەنگدەران ئامادەكراون، بۆ ئەو مەبەستەش سوود لە قوتابخانە و مزگەوتەكان وەرگیراوە.

كەمێك پێش ئێستا عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئیسلامی ئێران دەنگی خۆیدا و وتی: ئامۆژگاری گەلی ئێران دەكەم بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن، چونكە جیهان بە دۆست و دووژمنەوە چاوی لەم هەڵبژاردنانەیە.

بڕیارە لە سبەینێوە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە ڕابگەیەنرێت، هاوكات لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەنجامە كۆتاییەكان ڕادەگەیەنرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.