ڕۆژنامەنووسێك: دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد بۆ کپکردنی دەنگی ئازادە

سلێمانی

دۆخی ڕۆژنامەنووسان و کاری ڕۆژنامەنووسی نیگەرانى لای ڕۆژنامەنووسانى هەرێم درووست کردووە کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو مەترسی دەڕوات، لەنیا بەختیار، ڕۆژنامەنووسە و دەڵێت: دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دەچێتە قاڵبی کپ کردنی دەنگی ئازاد و ڕێگرتن لە کاری ڕۆژنامەنووسی.

لە جیهاندا ئازادییی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسیی لە چوارچێوەی مافەکانیی مرۆڤدا پۆلێن دەکرێت، بەڵام لە باشووری کوردستاندا دەسەڵات تا دێت ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە، گەر ڕۆژنامەنووسان لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدا کار نەکەن، ئەوا ئەشکەنجە دەدرێن و دەخزێندرێنە زیندانەکانەوە یاخوود دەڕفێندرێن و تیرۆر دەکرێن، لەو چوارچێوەشدا ماوەی ١٣٠ ڕۆژە سلێـمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس لە لایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.

لەنیا بەختیار، ڕۆژنامەنووس، سەبارەت بە ژینگەى کاری ڕۆژنامەنووسی و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

لەنیا بەختیار، دەڵێت: کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستاندا لە نێوان دوو ڕێگادایە، ڕێگای یەکەم لایەنێک تاڕادەیەک بەرچاو بە ساڵانی ڕابردوو ئازادیی ڕۆژنامەگەریی هەندێک بەرەو پێشچوونی بەخۆوە بینیووە ، بەجۆرێک لە ڕابردوودا دەستبردن بۆ هەندێک بابەت هەستیار بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان، هەروەها ڕۆژنامەنووسان نەیان دەتوانی ئەم ئازادییەیان هەبێت و کار لەسەر ئەو بابەتانە بکەن، ئەگەریش کاریان بکردایە لەسەری، ئەوا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و دەستگیرکردن و هەڕەشەکردن دەبوونەوە.

وتیشی: لایەنی دووەم هەر وەک دەبینین لە ڕابردوودا لە بادینان کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان دەستگیرکرابوون لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەریی، کە تێدا ڕۆژنامەنووس شیروان شێروانی و هاوڕێیەکانی ماوەی چەند ساڵێکە دەستگیرکراون، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت ئازادیی ڕۆژنامەگەری هێشتا ئازادییەکی تەواو نییە لە باشووری کوردستاندا،  بتوانین دڵمان پێی خۆش بێت و ئەو کارانەی، کە پێویست و گرنگە بۆ ڕاگەیاندن و خستنەڕووی بۆ ڕای گشتی تا بتوانین بە ئازادانە کاری لەسەر بکەیین.

لە بارەی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسیی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی، لەنیا بەختیار، باسی لەوە کردووە، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، بەڕاستی نموونەیەکی دیکەیە کە هەرێمی کوردستان هێشتا نەچووەتە قۆناغی تەواو و نوێ لە ئازادیی کایەی ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی ڕادەربڕین.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژە بەوە دەکات، هەڵبەتە زیاتر لە سێ مانگ تێپەڕ دەبێت کە سلێمان ئەحمەد دەستگیرکراوە، بەڵام هەتا ئێستا کەس نازانێت بۆ دەستگیرکراوە و هۆکاری دەستگیرکردنەکەی چییە، هەموومان دەزانین سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووسیکی بیلایەن بووە و کاری کردووە لە دەزگایەکی دیاریی کراودا.

ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئەوەشی خستەڕوو، کە بۆچی دەبێت ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت و ئازادیی لێ زەوت بکرێت، لە کاتێكدا بۆ سەردانی خێزانەکەی ڕۆیشتووە و گەڕاوەتەوە باشوری کوردستان بۆ کارکردن.

 هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسە پێیوایە ئەگەر دیاردەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بەم شێوازە بڕوات و زەقتر ببێتەوە و باروودۆخەکە خراپتر دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژنامەنووسان وایان لێدێت ناتوانن بە ئازادانە و بەبێ هیچ ڕێگرییەک کارەکانی خۆیان وەک خۆی جێبەجێ بکەن بە هۆکاری بوونی ئەو هەموو ڕێگری و دەستگیرکردنانەوە.

هەر لەبارەى سلێمان ئەحمەدەوە لەنیا بەختیار باس لەوەش دەکات، دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی،کە چی تۆمەتێکی لەسەرە و چ کارێکی کردووە، کە دەستگیرکراوە ئەمە ئەوە دەسەلمێنیت لە پێشوو تریشدا بە ڕفاندنی زەردەشت عوسمان و کوشتنی کاوە گەرمیان و کوشتنی سۆرانی مامە حەمە، ئەوەمان بۆ ڕوون بۆتەوە،کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدڵی خۆی هەرکاتێک بیەوێت کەسێک، کە لە دژی ئەو قسەبکات یا بابەتێکی گەندەڵی حکومەت بڵاو بکاتەوە ئەو دەستگیری دەکات، بەجۆرێک ئەگەر هیچ پێوەرێکی یاسایشی نەبێت.

لەکۆتایی وتەکانیدا، لەنیا بەختیار، وتی: دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، لە دیدی کایەی ڕۆژنامەگەرییەوە ئەو دەستگیرکردنە دەچێتە قاڵبی کپکردنەوەی دەنگی ئازاد و ڕێگرتن لە کاری ڕۆژنامەنووسی، هەروەها ترساندنی ڕۆژنامەنووسان و تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەگەر لەشوێنێکدا گەندەڵی و کەم تەرخەمی بوونیان هەبێت، تاکەکانی کۆمەڵگە و ڕۆژنامەنووسان نەتوانن بە ئازادانەو وەک ئەوەی هەیە زانیاریی و بابەتەکانی خۆیان بە کۆمەڵگە بگەیەنن و کار بکەن بۆ هۆشیار کردنەوە و کۆمەڵگە لەو مەترسییانەی، کە بوونیان هەیە لەسەر دامەزراوەکانی حکومەت و  ژیانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بیخەنەڕوو و بڵاوی بکەنەوە.

ئەمڕۆ ماوەى ١٣٠ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسى (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور لەکاتى گەڕانەوەى لە پرسەى باوکی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن هێزەکانى سەر بە پەدەکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە، لەوکاتەوە ڕێگە نادرێت پارێزەرانى چاویان پێ بکەوێت.

 

 

هـ.ح

Comments are closed.