لەیلا قاسم.. یەکەمین ژنە تێکۆشەری کورد لەبەردەم پەتی سێدارەی شۆڤێنیزمیدا

ناوەندی هەواڵەکان

لەیلا قاسم ئەو ژنە شۆڕشگێرەبوو، کە داوای جلوبەرگی کوردیی کرد بۆ ئەو ڕۆژەی تێیدا لەسێدارە دەدرێت، بە تەمەنێکی کەم و ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرەو ئەو پەتە هەنگاوی نا، کە بۆ گەردنی هەڵواسرابوو.

لەیلا قاسم گەنجێتی و گیانی خۆی پێشکەشی خاکەکەی کرد، بووە یەکەم ژنە خەباتکاری لەسێدارە دراوی کورد و نازناوى بوکی کوردستانی لێنرا.

هێمن موکریانی لە پارچە هۆنراوەیەکدا، کە بۆ لەیلا قاسمى نوسیووە دەڵێت:

بڕۆ مەجنون بە لەیلای خۆت مەنازە

کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من

لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەی کورد نەخشێنراون بە ناو و داستانی قارەمانێتی کۆمەڵێک ژنی شۆڕشگێڕ، کە گەنجێتی و شۆخبوونی خۆیان کردووەتە قوربانی ئازادی خەڵک و خاکەکەیان، لەیلاش وەک یەکێک لەو ژنانە بۆ هەمیشە ناوی بە زیندوویی دەمێنتەوە و بەشێکی دانەبڕاوە لە شکۆ و شانازییەکانی گەلەکەمان.

لەیلا قاسم، داستانێک لە قارەمانێتی

لەیلا قاسم لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شارۆچکەى خانەقین لەدایکبووە، کچی خێزانێکی هەژار بووە باوکی ناوی قاسم حەسەنە و کرێکاربووە لە پاڵاوگەیەکی نەوت، هاوکات، خێزانەکەی کاری جوتیاریشیان ئەنجامداوە، ساڵی ١٩٥٨ لە خانەقین چووەتە بەر خوێندن، ساڵی ١٩٧١دا ماڵیان گواستووەتەوە بۆ شاری بەغدا و هەر لە هەمان ساڵدا لە  بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە.

دروستبوونی هەستی نیشتیمان پەرەوەری لای لەیلا و بەشداریکردنی لە شۆڕشدا

نکۆڵیکردن لە خاک و ناسنامەی کوردان و ئەو ستەم و زۆرییەی ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد ئەمجامی دەدا، بوونە هۆکاری دروستبوونی بیری ئازادیخوازی و هەستی نەتەوەیی، ڕزگاربوون لە زوڵم و خەیاڵی کوردستانێكی ئازاد هەر لە تەمەنێكی گەنجییەوە هەنگاوەکانی لەیلایان بەرەو ڕیزی شۆڕشگێڕان برد.

لەیلا ساڵێک بەر لە چوونی بۆ کۆلێژ، ساڵی ١٩٧٠دا دەست بە خەبات و تێکۆشان بۆ دۆزی کورد دەکات، هەوڵی هۆشیارکردنەوەی خوێندکارە کوردەکانی داوە.

لەیلا هاوڕێیەکی هەبوو بەناوی جەواد هەمەوەندەی، کە جگە لە هاوڕێییەتی هاوفکر و هاوخەباتی یەکتربوون، هەر لەڕێی جەوادەوە بەشداری لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا کردووە، دواتر لەناو شاردا پێکەوە و لەگەڵ چەند هاوڕێیکەی دیکەیان بەردەوامیان بە خەبات داوە، لەوێوە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و تاکی کوردیان هۆشیارکردووەتەوە.

خەمی خاکەکەی لەیلای پەلکێشی بەردەم پەتی سێدارە کرد.

لەساڵی ١٩٧٤ ئەو کاتەی بارۆدۆخی ئاسایشی هەرێم تێکچوو و ڕژێمی بەعس هێرشەکانی بۆسەر کوردستان دەست پێ کردوە، لەیلا و جەواد لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێ و هاو ڕێبازەکانیان، خەباتی سیاسی و مەدەنیانەیان لە بەغدا چڕتر کردووتەوە و کاری بڵاوکرنەوەی پەیامەکانی شۆڕشیان کردووە.

لە بەردەوامی هەڵمەتەکانی ڕژێمی بەعس دژی شۆڕشگێڕانی شار، لە ٢٨ـی نیسانی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و جەواد هەمەوەندی لەگەڵ نەریمان فوئاد و حەسەن حەمە ڕەشید و ئازاد سلێمانی هاوڕێیان دەستگیرکران، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی دوو هەفتە لە زینداندا، لە کاتژمێر ٧:٠٠ـی بەیانی ڕۆژی ١٢ـی ئایار، پەتی سێدارە لە گەردنی هەموویان ئاڵێنرا و بەسەربەرزییەوە گیانی خۆیان لەپێناو ئازادیی وڵاتەکەیان بەختکرد.

کاتێک باس لە ژیاننامەی لەیلا قاسم دەکرێت ناکرێت ئاماژە بەوە نەدرێت لەیلا و هاوڕێکانی ئەو ماوەیەی لە زینداندا بوون ڕووبەڕووی چەندەها ئەشکەنجە و سزای قورس بوونەوە، بۆ ئەوەی دانپێدانایان لێوەربگیرێت و ناو و زانیاری شۆڕش و شۆڕشگێڕان بدرکێبنن، بەڵام هیچ ئەشکەنجەیەک نەیتوانی ئیرادەیان تێکبشکێنێت و هەتا ئەو ساتەی گیانی پاکیان سپارد، پاشگەز نەبوونەوە لە دڵسۆزیان بۆ خاکەکەیان.

 بە کوشتنی من هەزاران کورد لە خەویی نەزانیی هۆشیار دەنبەوە”

ئەو کاتەی ڕژێمی بەعس و دار و دەستەکەی هەوڵی تێکشکاندنی ئیرادە و کەسێتی لەیلایان دەدا، دەیانویست لە ڕێی ئەشکەنجە و ترساندنی بەمەرگ لە شۆڕشگێرییەتی پەشیمانی بکەنەوە لەیلا بە ڕستەیەک جوابی دانەوە و وتی:

 “بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم، کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم”.
ش.ئـ

Comments are closed.