تەرمی شەهید عەبدولقادر سەبری ڕەوانەی باکووری کوردستان دەکرێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

دوای ئەوەی کاتژمێر نزیکەی ٣:٣٠ دوای نیوەڕۆی دوێنێ، لە کردەوەیەکی تیرۆرییدا، دکتۆر “عەبدولقادر سەبری تۆپراک” کە خەڵکی باکووری کوردستانە، لە بەردەم چێشتخانەی وەستا حەسەن لە شاری سلێمانی شەهید کرا، لە ڕۆژانی ئایندەدا تەرمەکەی ڕەوانەی زێدی خۆی لە باکووری کوردستان دەکرێت.

لە ڕۆژانی داهاتوودا، تەرمی شەهید دکتۆر “عەبدولقادر سەبری تۆپراک” ڕەوانی زێدی خۆی بۆ شاری بەدلیسی باکووری کوردستان دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، لە ئێستادا تەرمی شەهید لە پزیشکی دادی سلێمانییە، بە هۆی پشووەوە تەرمەکەی ڕادەستی خانەوادەکەی ناکرێت.

ئەوەش زانراوە، ڕۆژی یەک شەممە، لە کاتی دەستپیکردنەوەی دەوامی فەرمی، ڕێکارەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی دەستپێدەکات.

هاوکات، خانەوادەی شەهید لە باکووری کوردستانەوە هاتوونەتە شاری سلێمانی، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و بردنەوەی بۆ زێدی خۆی.

هەروەها، سەرچاوەیەکی تایبەت بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دوای ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی، لە مەراسیمێکی شایستەدا دەبرێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بەدلیسی باکووری کوردستان.

تا ئێستا، دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لە بارەی کردەوە تیرۆرییەکە و دەستگیرکردنی بکەرەکەی نەداوە، بە وتەی خۆیان، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

دکتۆر عەبدولقادر سەبری تۆپراک، خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستانە، ئەندامی هەدەپە بووە و بە هۆی کێشەی سیاسییەوە ماوەی ١٢ ساڵە ڕووی لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کردووە و لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی کاری دەکرد، چەندین جار لەلایەن میتی تورکەوە هەڕەشەی لێ کراوە، دواجار دوێنێ لە بەردەم چێشتخانەی وەستا حەسەن لە شاری سلێمانی دریە بەر دەستڕێژی گوللـە و شەهید بوو.

ب. جـ

Comments are closed.