بەر لە ٨ـی مارس لە هەرێمی کوردستان ژنکوشتن بەردەوامە

ناوەندی هەواڵەکان

چالاکییەکانی ڕۆژی ٨ـی مارس لەسەرانسەری جیهاندا دەستیان پێکردووە، لە باشووری کوردستان توندوتیژیی و ژنکوشتن بەردەوامە و لەماوەی دوو مانگدا ١٢ ژن لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم کوژراون یان ناچار بەخۆکوشتن کراون.

توندوتیژیی و ژنکوشتن بووەتە دیاردە، بە پێی ئەو ئامارانەی ڕۆژنیوز کۆی کردوونەتەوە، لە مانگی کانوونی دووەم و شووباتی سەرەتای ئەم ساڵ ١٢ ژن لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون.

هەولێر

٨ـی کانوونی دووەم لە شاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، ژووری کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاگادار کراوەتەوە بە بوونی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکى سنووری کەسنەزان لە هەولێر ستی نزیک جووت سایدی لاوان بەپێی بڵاوکراوەکەی بەرگری شارستانی هەولێر، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا ژنێكی بە ڕەگەز عەرەب گیانى لەدەستداوە.

هەروەها لە ماوەی ٢٣ ڕۆژدا سێ کچی تازە پێگەیشتوو بە خۆسووتاندن کۆتایی بە ژیانیان دێت.

سلێمانی

ڕۆژی ٣ـی شووبات، لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی ژنێکی گەنج بە شێوەیەکی گوماناویی کۆتایی بە ژیانی هات و پۆلیس لە بارەی ڕووداوەکەوە وتی: خۆکوژیی بووە، بەڵام هاوژینی ژنەکەش دەستگیر کراوە.

دهۆک

١٩ـی شووبات، ته‌رمی ژنێک لە بەنداوی دهۆک دۆزرایەوە،کە پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت ژنەکە خەڵکی شنگالە و لە کامپی دۆمیز لە شاری دهۆک ژیاوە.

هەڵەبجە

شەوی ٢٥ـی کانوونی دووەم، بە شێوەیەکی گوماناویی، کچە خوێندکارێک لە بەشەناوخۆیی زانکۆی هەڵەبجە کەوتە خوارەوە و ڕۆژی ١ـی شووبات لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، ئەو کچە خوێندکارە، “لانە عومەر جەوهەر” و تەمەنی ٢٣ ساڵ و دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێ لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بوو، لە زانکۆی هەڵەبجە خوێندکاری قۆناغی سێی بەشی بازرگانی کۆلێژی یاسا و کارگێڕیی بوو.

کۆیە

لە ٢٣ـی کانوونی دووەم، ژنێکی تەمەن ٧٨ ساڵ بە کوژراوی لە نێو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە.

کەرکووک

ڕۆژی ٢٤ـی کانوونی دووەم، لە شاری کەرکووک ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ کە بە شێوەیەکی گوماناویی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا بە کۆتایی بە ژیانی هاتبوو دۆزرایەوە.

ڕۆژی ٣٠ـی کانوونی دووەم، هەواڵی کوژرانی ژنێک بڵاو بووەوە، کە لەسەرەتا وترا بەهەڵە لەلایەن منداڵە حەوت ساڵانەکەیەوە گوللـەی لێدراوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام پاش لێکۆڵیەنەوەی پۆلیس ئاشکرا بوو، بکوژەکە هاوژینی ژنەکەیەوە و هەوڵیداوە بەو شێووەیە ڕاستی تاوانەکە بشارێتەوە.

خانەقین

ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ، کە دایکی دوو منداڵ بوو، بەهۆی سووتانەوە بە گوماناویی گیانی لەدەستدا.

دووزخورماتوو

کۆتا ڕۆژی مانگی شووباتیش، لە شارۆچکەی دووزخورماتوو، باوکێک بەشێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی کچە ١٧ ساڵانەکەی داوە و پاشان لە سەربارەنەوە هەڵیداوەتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی دێت.

ش، ئـ

Comments are closed.