کەژەکە بانگ لە ژنان دەکات جیهان بکەن بە مەیدانی سەرهەڵدان و ئافراندن

ناوەندی هەواڵەکان

کۆردیناسیۆنی کەژەکە ڕایگەیاند، دەبێت لە چالاکییەکانی ٨ـی ئاداردا داوای ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بکرێت، بانگەوازیی لە هەموو ژنانیش دەکەن جیهان بکەن بە مەیدانی سەرهەڵدان و ئافراندن.

بەبۆنەی ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی تێکۆشەر، کۆردیناسیۆنی کەژەکە لەسەر ناوی “ئەو ژنانەی کە لەگەڵ ٨ـی ئاداردا بەرەو بەهار دەچن” ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگای ئازادیی و ئاشتیی بە ڕەنگێکی واتادار نیشانی ژنان داوە، بۆیە لە چالاکییەکانی ٨ـی ئاداردا دەبێت داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکرێت، لە سەدەی ٢١ـدا تێکۆشان و خەباتی ئازادیی ژنان ڕاستەوخۆ گرێدراوی دنیابینی و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و هێڵی ئازادیی ژنە.

هەروەها تێیدا هاتووە: ئێمە ناتوانین تێکۆشانی ئازادیی ژنان تەنها لە ڕۆژێکدا سنوورداربکەین، بەڵام لە ڕۆژێکی وەک ٨ـی ئادار کە بەسەدان ژن کوژراون و سووتێندراون، گەورەترین ئەرکی ئێمەی ژنان ئەوەیە ئەم ڕۆژە بگۆڕین بۆ ڕۆژی ژیانەوە وهەموو ڕۆژێک لەم چوارچێوەیەدا تێکۆشان بکەین.

بە درووشمی ” ژن ژیان ئازادیی” پێویستە ئێمە پیاوێتیی دەسەڵاتخواز بە هۆش و دادپەروەریی ژنێتی بدەینە بەر لێپرسینەوە، بە ڕێپێوانی بەرەو شۆڕشی ژنان بە درووشمی “ژن ژیان ئازادیی” پێویستە لە دژی ئەم سیستمە کاپیتالیزمەی کە ژیان وشک دەکات و تێکی دەدات و لە دژی پیاوێتی دەسەڵاتخواز سەرهەڵبدەن لە هەموو کۆڵان و شار و گوند و چیا و کارگە و زەوییەک، پێویستە هەموو جیهان بکەین بە مەیدانی سەرهەڵدان و ئافراندن.

ژنان بە سەرهەڵدانیان و بە پێوەری هەڵوێست و ناسینی ژیانی ئازاد، ژیان وەک بەهار زیندوو و ڕووناک دەکەنەوە، بە بۆنەی ٨ـی ئازادەرەوە بانگەوازیی لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە بە سەرهەڵدانیان ژیانیان سەر لە نوێ ئاوا کردووە، هەموو جیهان بکەن بە مەیدانی سەرهەڵدان و ئافراندن، هاوڕێیەتی لەگەڵ ژن بەهێز بکەن و تێکۆشان فراوانتر بکەن.

ب.گ

Comments are closed.