دوای چەندین ساڵ كێڵگە پەلەوەرییەكانی نەینەوا دەستیان بەکارکردن کردەوە

ناوەندی هەواڵەكان

دوای چەندین ساڵ لە پشتگوێخستن، كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگای نەینەوا دەستییان بە کارکردن كردووە، بەڵام هێشتا كەرتی بەخێوكردنی پەلەوەر ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە، لەوانە نەدانی قەرەبووی ئەو خاوەن كێڵگەكان، كە لە كاتی هێرشی چەتەكانی داعش كێڵگەكانیان سووتێندرا و دزران.

خاوەن و كرێكارانی كێڵگەكانی پەلەوەر لە پارێزگای نەینەوا، لە بارەی گەشەی سەندن و زیادبوونی كێڵگەكانی پەلەوەر لە سنوورەكە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

ماهر یەحیا
ماهر یەحیا

ماهر یەحیا، كرێكاری كێڵگەی پەلەوەر لە نەینەوا وتی: كێڵگە پەلەوەرییەكان لە سەردەمی داگیركردنی شارەكە لە لایەن چەتەكانی داعشەوە زیانیان بەركەوتووە،  لە ئەنجامی ئەو كارانەی  داعش كردوویەتی، بووەتە هۆی لە ناوچوونی تەواوی یان بەشێكی كێڵگە پەلەوەرییەكان.

ئەو كرێكارە باسی لە پێویستی بوونی بەرنامەیەك كرد، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخ و بازاڕەكان، داوا پشتیوانی ڕاستەوخۆی لە حكومەتەوە بۆ بەخێوكەران پەلەوەر كرد، چونكە كێشەی زۆریان سەبارەت بە غاز و سووتەمەنی و دەرمان هەیە.

ڕوونیكردەوە، حكومەت پاڵپشتی بەخێوكەران پەلەوەر ناكات، دەرگا بە ڕووی هاوردەكردنی گۆشت لە دەرەوە دەكاتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی هەیە، وا دەكات نرخی بەرهەمی ناوخۆ كەم بێتەوە.

باسی لەوەشكرد، لە ڕابردوودا حكومەت ڤاكسینی گونجاوی بۆ پاڵپشتی بەخێوكەرانی پەلەوەر دابین دەكرد، ئێستا ئەو ڤاكسینەی لە ناوخۆدا هەیە، بۆ پاراستنی مریشك سوودی نییە، ئەمەش زیانێكی گەورە لەكاتی بەخێوكردنی مریشك دەدات.

خالد كەرحە
خالد كەرحە

خالد كەرحە، یەكێك لە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنووری نەینەوا ڕایگەیاند، لە كۆنەوە شاری موسڵ بەتایبەتی دەشتی نەینەوا بە بەخێوكردنی پەلەوەر بەناوبانگە، دەشڵێت: مریشك بە چەند قۆناغێك بەخێو دەكرێت، سەرەتا دەرچوونی جوجكەی مریشكە لە هێلكە و دواتر ژینگەی گونجاوی بۆ دابین دەكەین، بۆ ماوەی ٣٥ بۆ ٤٥ ڕۆژ جوجگەكان بەخێو دەكەین تا دەبن بە مریشك، لە موسڵ مریشكی زیاتر لە ٤٥ ڕۆژە خواستی زۆری لەسەرە.

ئاماژەی بەوەشكرد، مریشك و كوالێتی گۆشت لە باكووری عێراق باشترە لە ناوچەكانی تر، چونكە ژینگەكەی گونجاوە و دوورە لە هەر جۆرە میكرۆبێك، ئەمەش وا دەكات گۆشتەكەی تامێكی تایبەتی هەبێت و جیاوازە بێت لە ناوچەكانی دیكە.

هـ.ئ

Comments are closed.