نوێنەرایەتی هەدەپە: تائێستا حەوت ئەندامان لە سلێمانی تیرۆر کراوە

هەولێر

نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تائێستا لە سلێمانی حەوت ئەندامیان تیرۆر کراون، پێویستە حکومەت و لایەنەکانی هەرێم هەوڵی جدیی بخەنەگەڕ بۆ ڕاگرتنی ئەو کردەوانە و داواش دەکەن ڕێگە نەدرێت خاکی باشووری کوردستان ببێت بە گۆرەپانی کردەوە تیرۆرستیەکانی دەوڵەتی تورک.

ئەمڕۆ لە ناوەندی نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر، کۆمەڵێک پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان، لەبارەی تیرۆرکردنی “عەبدولقادر سەبری تۆپراک”، لە شاری سلێـمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا ئایدن ئەحمەد ئەندامی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان وتی: کردەوە تیرۆرییەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک دژ بە ئازادییخوازان لە باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، لەبەرامبەریشدا بەرپرسان و حکومەتی هەرێم لە ئاست ئەو تاوانانەدا بێ دەنگییان هەڵبژاردووە.

نوێنەرایەتى هەدەپە باسیان لەوەشکرد، هاوڵاتییانی باکووری کوردستان بەهۆی فشار و ستەمەکانی حکومەتی ئەکەپە-مەهەپە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەبری تۆپراک-یش یەکێکە لەوان و ماوەی ١٢ ساڵە لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی لە شاری سلێمانی دەژین، بەڵام ئێوارەی دوێنێ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک تیرۆ کرا.

ئایدن ئەحمەد وتیشی: تیرۆرکردن و کوشتنی ئازادیخوازان و وڵات پارێزان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەردەوامی هەیە، لە شاری سلێمانی حەوت ئەندامان تیرۆرکراوە، هەروەها شارەکانی هەولێر و دهۆک خەڵکی باکووری کوردستان تیرۆر دەکرێن، بۆیە پێویستە بۆ ڕاگرتنی تیرۆرانەی دەوڵەتی تورک، حکومەت و بەرپرسانی هەرێم هەوڵی جدیی بدەن .

جەختیکردنەوە وتی: دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئەردۆغان تەنها مەترسی نین بۆ سەر کوردانی باکووری کورستان، بەڵکو مەترسین بۆ سەر تەواوی گەلی کورد، چونکە لە یەکاتدا ئازادیخواز سەبری تۆبراک تیرۆر کرا و هێرش کرایەوە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و شنگال، ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییە کە دەوڵەتی تورک دژی گشت گەلی کوردە.

هەر بۆیە داوای لە هاوڵاتییان و ئازادیخوازانی باشووری کوردستان کرد، ڕێگە نەدەن خاکی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی کردەوە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورک.

لە کۆتایی کۆنگرەکەدا دووپاتی کردەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناتوانێت ئیرادە و ئازادی گەلی کورد بشکێنیت، بۆیە لە بەرامبەر هێرش و کردەوە تیرۆرییەکانی دەوەستنەوە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی.

ئێوارەی دوێنێ، لە شاری سلێمانی و لە هێرشێکی تیرۆرستی دەوڵەتی تورک “عەبدولقادر سەبری تۆپراک” شەهید کرا، کە خەڵکی بەدلیس و ئەندامی هەدەپە بووە لە باکووری کوردستان و ساڵانێكە بە هۆی بارودۆخی سیاسییەوە ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە سلێمانی کاری کردووە.

ش. ئـ

Comments are closed.