“دەبێت ژنان ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن بۆ ئازادیی جەستەی ڕێبەر ئۆجالان”

ڕاپەڕین

ژنانی دەڤەری ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنن، ڕێبەر ئۆجالان ژنانی کردە خاوەن ئیرادە لە کۆیلەیی بوون ڕزگاریی کردن، بۆیە دەبێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن بۆ شکاندنی گۆشەگیریی و ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان و دەشڵێن: ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ هەوێنی ئاشتی و ئارامییە بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش بۆ ژنان.

٢٥ ساڵ تێپەڕی بەسەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتى دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە دواتر لەو پیلانگێڕییەدا ڕفێنراوە و لە ئیمرالی زیندانی کرا، ئەوە زیاتر لە ٣٥ مانگیشە لە زیندانی ئیمراڵی لە ژێر گۆشەگیرییەکی توندایە، بەڵام ئەو هزر و فکری لەسەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە و زیندان بووەتە فێرگەی ئازادیی و کوردایەتی بۆ دەرەوەى زیندان.

لەوبارەیەوە ژنانی ئیدارەی ڕاپەڕین، سەبارەت بە هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئەسمەر ڕەسوڵ
ئەسمەر ڕەسوڵ

ئەسمەر ڕەسوڵ وتی: ئەگەر ڕێبەر ئۆجەلان دەستگیر نەکرایە، کەس نەیدەتوانی خوێن لە پەنجەی کوردێک بهێنێت، ڕێبەر ئاپۆ چەندین ساڵە لە زینداندایە و گۆشەگیرییەکی توندی لەسەرە و چەندین ساڵە هیچ هەواڵێکی لە بارەوە نییە.

ئەو ژنە باسی لەوەشکرد، ڕێبەر ئاپۆ تاکە سەرکردەیە، کە ژنانی کردە خاوەن ئیرادە و هێز و لەژێر دەستەیی کۆیلەیی ڕزگاری کردن، بۆیە ژانان دەبێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن بۆ شکاندنی گۆشەگییریی و ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان.

ئەسمەر بەپێویستیشی دەزانێت، ئەوەی کە خۆی بە کورد دەزانێت ھەموویان دەنگی خۆیان بدەنە پاڵ یەک بۆ ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان، چونکە تاکو ڕێبەر ئۆجالان ئازاد نەکرێت و لە گۆشەگیریدابێت ژیانی کوردیش بەرەو مەترسی دەڕوات و ئەو دەست کەوتانەشی، کە بەدەست هاتوون ئەگەری لەناوچوونیان هەیە بۆیە چارەنووسی گەلی کورد و دەستەکەوتە مێژوویەکانی پەیوەستە بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.

ڕوناک وسوو
ڕوناک وسوو

ڕوناک وسوو ژنێکی تری ناوچەکەیە و سەبارەت بە هەمان بابەت وتی: داوا لە هەمو گەلی کورد دەکەم، هەموو بەدەنگبێن و هەستنە سەر پێ بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ هەوێنی ئاشتی و ئارامیە بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی بۆ ژنان.

ش. ئـ

Comments are closed.