عێراق جدییە لە كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكان و دوورخستنەوەی توركیا لە خاكەكەی

بەغدا- وسام زەهرونی

لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە بە تایبەتی دوای كوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریكاوە، گرژییەكانی عێراق زیادیی كردووە و پەرلەمانیش یاسای دوورخستنەوەی سەرجەم هێزەكانی لە وڵات دەركرد، لە ئێستادا عێراق جدییە لە كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكان و دوورخستنەوەی هێزەكانی دەوڵەتی تورك لە خاكەكەی.

هەرچەندە بڕیارەكە زیاتر دژی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوو، بەڵام دوورخستنەوەی هێزەكانی دەوڵەتی توركیش لە هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا عێراق ڕێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ ئێران ئەنجامدا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان، دواتر ڕێنمایی لە حكومەتی عێراقەوە دەرچوو بۆ دووبارەكردنەوەی ئەو ئەزموونە لەگەڵ دەوڵەتی تورك، بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەكەی دەوڵەتی تورك، بەڵام هێشتا بابەتەكە ناڕوونە.

مەهدی تەقی
مەهدی تەقی

مەهدی تەقی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: حكومەت پلانی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكان لەگەڵ توركیا، بەشێوەیەكی توند، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی سەربازانی تورك بۆ قووڵایی خاكی هەرێم و عێراق بگرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەنگاوی كۆنتڕۆڵكردنی سنوور لەگەڵ توركیا دوا هەنگاو نییە، ڕۆژانی داهاتوو هێزی پاسەوانی سنوور جێگیردەبن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی سنوورەكە، دۆسییەی سنوور لە كارە گرنگەكانی حكومەتەكەی سوودانییە، چونكە پەیوەندی بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراقەوە هەیە.

ڕوونی كردەوە، حكومەت و پەرلەمان بە جدی كاردەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی هێزەكانی دەوڵەتی تورك لە هەرێمی كوردستان، یاسای دوورخستنەوەی هێزە بیانییەكان، هێزەكانی توركیاش دەگرێتەوە، چونكە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی حكومەتی عێراق بوونیان هەیە.

دەوڵەتی داگیركەری تورك هەوڵدەدات بنكە سەربازییەكانی لە هەرێمی كوردستان زیاد بكات، هەروەك ئەردۆغان لە ٢٨ی كانوونی دووەمدا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بنكە جێگیرەكانی لە هەرێم بەهێزتر دەكات.

جێگای سەرنجە، سوپای دەوڵەتی تورك چەندین بنكەی سەربازی لە خاڵە ستراتیژییەكانی زنجیرە چیای مەتینا دامەزراندووە، ڕۆژانە بۆردوومانی ئاسمانی ناوچەكە دەكات.

موئەیەد جەحشی
موئەیەد جەحشی

موئەیەد جەحشی، شارەزای كاروباری سەربازی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ناوچەی سنووری لەگەڵ توركیا هەیە سەخت و ناڕێكە هێزە عێراقییەكان ناتوانن بیگەنێ، ئەو ناوچانەش ساڵانێكی زۆرە بەبێ كۆنترۆڵی ئەمنی ماونەتەوە، ئەم بابەتە بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی دەوڵەتی تورك بچنە ناو قووڵایی خاكی هەرێم و عێراقەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، عێراق مافی تەواوی هەیە هێزی سەربازیی بەكاربهێنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان و دوورخستنەوەی هەر هێزێكی بیانی لە خاكی خۆی، بەڵام بەغدا نایەوێت هیچ هەڵكشانێك لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ڕووبدات، هەروەها نایەوێت كێشەی نوێ لە ناوچەكە درووست ببێت، هەر بۆیە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵدەدات هێزەكانی توركیا لە عێراق دووربخاتەوە.

ڕۆژی ٢٢ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی میتی تورك دەستیكرد بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی، سەركردەی حزبەكان، نوێنەری مەزهەب و نەتەوەكانی عێراق، لە نێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی.

سەردانەكەی ئیبراهیم كاڵن بۆ عێراق لە كاتێكدا بوو، كە هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك  هێرشە سەربازییەكانیان لە هەرێمی كوردستان پەرەپێداوە و ڕادەی لەشكركێشیەكانیان بۆ سەر ناوچەكە زیاد كردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.