ژمارەی قوربانییەكانی غەزە ١٠١ هەزار كەسی تێپەڕاند

ناوەندی هەواڵەكان

وەزارەتی تەندرووستیی غەزە، نوێترین ئاماری قوربانییەكانی ناوچەكەی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٣٠ هەزار و ٢٢٨ هاوڵاتیی غەزە كوژراون و ٧١ هەزار و ٣٧٧ كەسیش برینداربوون.

وەزارەتی تەندروستیی غەزە و وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانییانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا ئاماری نوێیان بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی غەزە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٠ هەزار و ٢٢٨ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧١ هەزار و ٣٧٧ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ١٩٣ كەس لە غەزە كوژراون و ٩٢٠ـی دیكەش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٤٧ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی ٣٥٠ هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لە غەزە بەبێ چارەسەرن.

لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئـ

Comments are closed.