ڕژاک لە شوێنی تیرۆرکردنی شەهید فریال چالاکییەکانی ٨ـی مارسیان ڕاگەیاند

کەرکووک

لەو شوێنەی کە ژنە چالاکوان و سیاستەمەداری کورد شەهید فریال سلێمان تێیدا تیرۆر کرا، بەدەستپێشخەریی “ڕژاک و هاوکاریی کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکانی ٨ـی مارس” بەرنامەکانی بۆ ٨ـی مارس ڕاگەیاند و بەڵێنیان نوێ کردەوە، لەسەر ڕێبازی ژنانی شۆڕشگێڕ و پێشەنگ بەردەوام دەبن لە خەبات.

ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک، بەدەستپێشخەریی “ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و هاوکاریی کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکانی ٨ـی مارس”، بە ڕێپێوان چوونە ئەو شوێنەی، کە ژنە چالاکوان و سیاسەتمەداری کورد “فریال سلێمان” تیرۆر کرا، پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و تێیدا چالاکییەکانی ٨ـی مارس-یان ڕاگەیاند.

پاش گەیشتنیان بە شوێنی شەهید کردنەکە، سارا کەریم بەیاننامەی ڕژاکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، ٨ـی مارس ڕۆژێكە لە ڕۆژەکانی تێکۆشانی ئێمەی ژنان، بەڵام ئێش و ئازار و بەرخۆدانی ژنان تەنیا لە رۆژی ٨ـی مارسدا دەست پێناکات، ئێمە ئەو تێکۆشانەی ژنان وەک تێکۆشانی بەردەوامی هەزارن ساڵەی ژنان لێی دەڕوانین، بە دروشمی سەدەی ٢١ سەدەی شۆڕشی ژنە، تۆڵەی بە کۆیلەکردنی ژنان دەکەینەوە کە بە هەزاران ساڵە لەسەری پەیڕەودەکرێت.

ئاماژەیان بەوەشدا، پەیمان دەدەین ئەو مەشخەڵەی شەهید فریاڵ بڵندی کردبوو، ئێمە بۆ هەمیشە بڵدتری دەکەین، هەرگیز نا هێڵین گڕ و تینی ئەو مەشخەڵە بکوژێتەوە، ئێمە ئەمساڵ دەسپێکی چالاکییەکانی ٨ی مارس بۆ یادی شەهید فریال لە کەرکوک و لە شوێنی شەهید بوونی لێرەوە ڕادەگەیەنین.

تەواوی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەمشێوەیەیە:

بۆ ڕای گشتی

بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین.

ئێمە ٨ـی مارس لە هەموو ژنانی جیهان پییرۆز دەکەین، ١٦٧ ساڵ پێش ئێستا لە نیویۆرکی ئەمریکا ٤٠ هەزار ژن تەنیا بۆ ئەوەی رەوشی کارکردنیان باشتر ببێت مانگرتنیان راگەیاندا، ئەو ژنانە داواکارییەکانیان بریتی بوو لە “کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن، یەکسانیی لە کارکردندا، مۆڵەتی دایکایەتیی” لەم بارەیەوە سەرپەرشتیاری کارگەکە بۆ ئەوەی دەنگی ژنان کپبکات دەرگای کارگەکەی لە سەر داخستن و ئاگری لە کارگەکە بەردا، لەم ڕووداوە دڕندانەیەدا ١٢٩ ژن بە زیندوی سوتان! لەدوای ٥٣ ساڵ لەم ڕووداوە، کلارا زەتکین و هاوڕێکانی ئەم ڕۆژە دەکەن بە ڕۆژی جیهانیی ژنان.

٨ـی مارس ڕۆژێكە لە ڕۆژەکانی تێکۆشانی ئێمەی ژنان، بەڵام ئێش و ئازار و بەرخۆدانی ژنان تەنیا لە رۆژی ٨ـی مارسدا دەسپێناکات، ئێمە ئەو تێکۆشانەی ژنان وەک تێکۆشانی بەردەوامی هەزارن ساڵەی ژنان لێی دەڕوانین، بە دروشمی سەدەی ٢١ سەدەی شۆڕشی ژنە، تۆڵەی بە کۆیلەکردنی ژنان دەکەینەوە کە بە هەزاران ساڵە لەسەری پەیرەودەکرێت.

هەرچەندە ٨ـی مارس وەک ڕۆژی سمبولیی ژنان دیاریی کراوە، ئێمە تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆمان لەسەر ئەو بنەمایە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ بکەینە ڕۆژی ژنی ئازاد بەرەو پێش دەبەین، لەم بابەتەدا بە پێوانی فەلسەفیی “ژن، ژیان، ئازادیی” ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: بەر لە هەرشتێک تەنها دانانی رۆژی ٨ـی مارس بە ڕۆژی ژنان بەشتێکی جێی سەرزەنشت دەزانم، ئەوە مەرجێکی ژیانە کە هەموو ڕۆژەکان ژنانە بن و بۆنی ژنی ئازادییان لێبێت، بەڵام هەر ڕاستیینەی ٨ـی مارس بۆ خۆی ئەوەمان پیشان دەدات کە ژن لەژیاندا هیچ جێگاو بوونێکی نییە، شایستە بینینی ژن بەوەی کە تەنیا لە رۆژێکدا یادی بکرێتەوە و بەبیر بهێنرێتەوە بۆ خۆی ڕادەی قووڵی ئەو کۆیلایەتییەمان پیشاندەدات کە بەسەریدا سپێنراوە، ئەم بابەتە بۆ من بووەتە بوارێکی کار و خەبات کە تابێت زیاتر تێیدا قووڵ دەبمەوە، خودی خۆم بابەتەکە هەرگیز بەبابەتێکی دابڕاو لە شەڕ و تێکۆشان نازانم، تەنانەت هەروەک چۆن بۆ هەموو شۆڕشەکانی جیهانیش وەها بووە، بۆ شۆڕشەکانی رۆژی ئەمڕۆشمان و بە تایبەتیش شۆڕشی کوردستان دەبێت شیکردنەوە و تێگەیشتن لەو ژیانەی لە دەوری ژن هاتووەتە کایەوە سەرەکیترین کاربێت، کە بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە ئەنجامی بدات، دەبێت ژن هەر لەکێشە هەرە سەردەمییەکانی شەڕو تێکۆشانەوە تا دەگاتە ئاشتی و بنەمای ئەو ئازادییەی لەسەری پێشدەکەوێت، لە جەرگەی هەموو کارێکدا جێ بگرێت.

لە سەدەی ٢١دا ژنان بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادیی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و مۆری خۆیان لەم سەدەیە داوە.

لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا هەم لە جیهان و هەم لە کوردستان ئەو ژنانەی لە پێناوی فکری ئازادیی ژن تێکۆشان دەکەن بە رێبازی سەرکوتکردن دەستگیر دەکرێن و دەخرێنە زیندانەکانەوە، لە دژی ژنان شەڕێکی بەردەوام هەیە کە تێیدا ژن، کۆمەڵگا، ژینگە و سرووشت دەکرێنە ئامانج.

بۆ ئەو مەبەستە ئێمە سڵاوی خۆمان لیرەوە دەنێرین بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە لە زیندانەکانی تورکیا کەوتوونەتە ناو مانگرتن لە خواردن لەپێناو ئازادیی و بەدەستهێنانی مەفەکانیان، هەروەها لەکەسایەتی زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی و پەخشان ڕۆژهەڵات سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ژنانی زیندانی کراو لە زیندانەکانی ئیراندا، ئێمە دەبینین کوشتنی ژینا ئەمینیی بووە هۆکاری سەرهەڵدانی ژنان لە ئێراندا لە دوای ئەو سەرهەڵدانانە گرتن و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان و لەسەر ژنانی ئازادییخواز بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، دەبینین قڕکردنی ژنان بەردەوامی هەیە بەتایبەتی لە ووڵاتانی ئەفغانستان، سودان، ئەسیوبیا، وڵاتانی ئەفریقا و لە فەڵەستین کە لە چەند مانگێکدا بە هەزاران ژن کوژران.

سیستمی پیاو-دەوڵەت، لەبەرامبەر تێکۆشانی ئازادیی کۆمەڵگە بووەتە بەربەست، ژنانی پێشەنگی کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج کە بینیمان لە کۆمەڵکوژیی پاریس و لە چوارپارچەی کوردستان ژنان بە ئامانج گیران لەم دوایەنشدا لە کەرکوک فریال سلێمان خالید تیرۆر کرا.

سیستمی پیاو-دەوڵەت، لەبەرامبەر تێکۆشانی ئازادیی کۆمەڵگە بووەتە بەربەست، ژنی پێشەنگی کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج و بەو شێوەیە کۆمەڵکوژیی ژنان بەردەوام دەبێت، لە هەڤاڵان ساکینە جانسز تا فریال سلێمان خالید کۆمەڵکوژیی بەردەوامە.

جەنگیی سێیەمی جیهان هەم لە ئاستی جیهانیی و هەرێمیی و هەم لە ئاستی کوردستاندا بووەتە جەنگێکی گشتیی، ئێمە ئەمساڵ لەدژی جەنگی سێیەمی جیهانیی و لە دژی قڕکردنی ژنان و کۆمەڵگە، بڕیامانداوە تێکۆشانمان بڵندتر بکەین و بەم شێوەیە پێشوازیی لە ٨ـی مارس دەکەین، تێکۆشانی ژنانی کورد ئەوەی پیشانی هەموو جیهاندا، لە دەرەوەی ژنان خۆیان کەس ناتوانێت ژن بپارێزێت، چۆن ژنانی گەریلا بە جۆش و ئیرادەیەکی بێ هاوتا بە فیداکارییەکی بێ ئەندازە هەم چیاکانی کوردستان و هەم هەموو دەسکەوتەکانی ئێمە دەپارێزن، پێویستە ئێمەش ئیرادە و باوەڕی ئەوان بکەینە سیمبول بۆ خۆمان و خۆمان و مافەکانمان بەرامبەر هەر هێرشێک بپارێزین.

ئێمە وەک ژنانی کوردستان، ئامانجی سەرەکییمان ئەوەیە لێپرسینەوە لە تیرۆری ئەو ژنە پێشەنگانە بکەین کە لەلایەن پیاو-دەوڵەت و داگیرکەرانەوە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دا کراونەتە ئامانج، هێرش لەسەر ژنان لەم ناوچەیەی ئێمەی تیاداین هەتا دێت زیاد دەبێت، لە ١٨ی١ ئەمساڵ لە کەرکوک ژنێکی چالاکوان و شۆڕشگێڕ “فریال سلێمان خالید” بەشێوەیەکی زۆر نامەردانە و دڕندانە تیرۆرکرا! کە هەموو ژیانی خۆی بۆ ئازادیی ژن و گەلی کورد و هەموو کۆمەڵگە فیدا کردبوو، ئەو بە عەشقی حەقیقەتی ژیانی ئازاد زیاتر لە ٣٠ ساڵ بێ دابڕان تێکۆشانێکی قارەمانەی بەڕێوەبرد، ئێمە وەک هاوڕێی شەهید فریال سلێمان خالید پەیمان دەدەین ئەو مەشخەڵەی شەهید بڵندی کردبوو ئێمە بۆ هەمیشە هەردەم بڵدتری بکەین، هەرگیز نا هێڵین گڕ و تینی ئەو مەشخەڵە بکوژێتەوە، ئێمە ئەمساڵ دەسپێکی چالاکییەکانی ٨ـی مارس بۆ یادی شەهید فریال لە کەرکوک و لە شوێنی شەهید بوونی لێرەوە ڕادەگەیەنین.

ئێمە دەزانین بەئامانجگرتنی شەهید فریاڵ بەمەستی ئەوە بووە کە ئاستەنگی دروست بکەن بۆ تێکۆشانی ئازادیی ژن، بەڵام ئێمە لێرەوە لە شوێنی شەهید بوونی شەهید فریال بەڵێنی بڵندکردنی تێکۆشان دەدەین تا ئامانج و خەونەکانی شەهید فریاڵ و هەموو ژنانی ئازادییخواز بەدی دەهێنین، هەم لە جیهان و هەم لە کوردستان ئەو تاوانانەی کە پیاو-دەوڵەت پێکیهێناوە هەمووی تاوانە لەدژی ژنان و منداڵان و کۆمەڵگە و سرووشت، ئێمە هەموو ئەو تاوانانە شەرمەزار دەکەین لەو باوەڕەداین کە شۆڕشی ژنان ڕێگەی چارەسەریی و سەرەکیی و هەری کاریگەرە، دووبارە لێرەوە ٨ـی مارس لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەین.

ژن ژیان ئازادیی، ژن ژیان ئازادیی، ژن ژیان ئازادیی

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان

١/ مارسی/ ٢٠٢٤

ب.جـ

Comments are closed.