میدیاکانى یەنەکە: رێکارەکان بۆ درووستکردنی ھەژماری بانکی مووچەخۆرانى هەرێم دەستپێکرد

ناوەندى هەواڵەکان

میدیاکانى یەنەکە بڵاویانکردەوە، بانکەکانی رافیدەین و رەشید رێکارەکانیان بۆ کردنەوەی لقی بانکی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکرد بە مەبەستى درووستکردنی ھەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم، دەشڵێن، ھەردوو بانکی رافیدەین و رەشید ئامادەییان نیشانداوە لە ماوەیەکی کەمدا ھەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێم درووست بکەن.

میدیاکانى یەنەکە بڵاویانکردەوە، لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ بە نیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لە چەند رۆژی رابردوودا رێکارەکانی کردنەوەی لقێکی بانکەکەیان لە شاری ھەولێر دەستپێکردووە و لەئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتووشدا ھەردوو بانکی رافیدەین و رەشید لقی خۆیان لە سلێمانی بکەنەوە و رێکارەکانی درووستکردنی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم دەستپێبکەن.

دەشڵێن، ھەردوو بانکی رافیدەین و رەشید ئامادەییان نیشانداوە لە ماوەیەکی کەمدا ھەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێم درووست بکەن و لە مانگی ئاداری ئەمساڵیشەوە مووچەکانیان لەڕێگەی کارتی بانکیەوە پێدەدرێت.

رۆژی ٢١ـی مانگى ڕابردوو دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایەک بڕیاریدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بخرێته‌ سه‌ر ژماره‌ حسابی بانكه‌ فیدراڵییه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق ببڕدرێت.

ئ.م

Comments are closed.