هەرێم لیستى مووچەى فەرمانبەران دەداتە بەغدا

ناوەندى هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێمی کوردستان، داوا لە سەرجەم وەزارەت و دەستەكان دەكات لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا، لیستی مووچە ئامادەبكەن بە مەبەستی ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.

بەپێی نووسراوێك، وەزارەتی دارایی حکومەتى ماوە بەسەرچووى هەرێمی كوردستان، داوای لە تەواوی وەزارەت و دەستەكان كردووە لیستی مووچە بە زمانی عەرەبی ئامادە بكەن.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، پێویستە لیستەکە لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا بگاتە وەزارەتەكەمان و هەروەها، دەبێت بە یەک سى دى بنێردرێت.

ئەوە هاتووە، سەرجەم ئەو بەشانەی، كە پڕ دەكرێنەوە بە زمانی عەرەبی بێت و بەتایبەت ناونیشانی وەزیفی و پوختەی گشتیی لەسەرجەم ئاستی وەزارەت و دەستەكان پەسەند بكرێت بە شێوەی هارد كۆپی بنێردرێت .

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢١ـی مانگى ڕابردوو دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایەک بڕیاریدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، بخرێته‌ سه‌ر ژماره‌ حسابی بانكه‌ فیدراڵییه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق ببڕدرێت.

جێگەى ئاماژەیە، بەپێى بڕیارەکەى دادگای فیدراڵی مووچەی مانگی دوو بە لیستی مووچە دابەشدەكرێت و لە مانگی ئادارەوە بە كارتی بانكی مووچە دابەشدەكرێت.

ئ.م

Comments are closed.