عێراق: ئەمساڵ یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران جێبەجێ دەکرێت

ناوەندى هەواڵەکان

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، بەدواداچوون دەکەیین بۆ جێبەجێ کردنی یاسای کارپێکردنی کرێکاری ناوخۆیی لە پڕۆژەکاندا، دەشڵێت: ئەمساڵ دەبێتە ساڵی جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە عێراق.

ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، لەبارەى جێبەجێ کردنى یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان بەمجۆرە زانیاریى خستووەتەڕوو:-

لە سەرەتاى قسەکانیدا، ئەحمەد ئەسەدى باسى لەوەکردووە، ئەمساڵ دەبێتە ساڵی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە عێراق.

ئەوەشى خستەڕوو، دەبێت ھەموو خاوەن پڕۆژەکان لە عێراق بەڕێژەی ٥٠% پشت بە کرێکاری ناوخۆیی ببەستن.

دەشڵێت: دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دوو جۆرە، جۆریی یەکەمیان ناچارییە و کەرتی ڕێکخراو دەگرێتەوە وەکو کۆمپانیا و ھۆتێل و کۆمپانیای بچوک و مامناوەندەکان.

ئاماژەى بەوەشکرد، جۆرى دووەمى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى سەرپشککردنى کەرتی نارێکخراوە وەک شوێنی کاری ھاووڵاتییان و تەکسی.

ڕاشیگەیاند، وەزارەتەکەمان کار لەسەر جێبەجێکردنی دەستەبەری سەرپشک دەکات لە ڕێگەی لیژنەی پشکنین لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە.

لە کۆتایدا وتى: بەدواداچوون دەکەین بۆ جێبەجێ کردنی یاسای کارپێکردنی کرێکاری ناوخۆیی لە پڕۆژەکاندا.

ئ.م

Comments are closed.