شکست بەدوای شکست، خراپترینیش لە ئارادایە

پشتیوان جەمال

ئێستا لەبەردەم شکستێکدا وەستاینەوە، لەوەتەی ڕوخانی فاشیزمی بەعسی، هیچ دەمێک هێندەی ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم چارەنووسی نادیار و مەترسی هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە، شکستێک بە تەنها دارایی نا، بەڵکو سیاسی و ئیداری تاڕامکردنی هەموو ئەو پایە ئەساسیانەی، کە کوردی باشوری وەک نیمچە دەوڵەتێک وێنا دەکرد، لەناوخۆو دونیای دەرەوەدا، چەکوشی دادگای فیدڕاڵی هەرچی”ڕیسی” کورد هەیە کردیەوە” خوری”خەریکە ئەوەی پێی دەڵێن: دۆزی کورد لە عێراق بە تەواوی نەمێنێت. دەبێ چاوەڕێی هەڕەشەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقیش بین کەپنتی کۆتایی مانەوەی هەرێمە لە عێراقدا.

دەرئەنجامی لێکترازانی ناوخۆ و نەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی ڕاست و ڕوون، کوردی گەیاندە ئەم ڕۆژە و لە هیچ یەک لە ڕووداوە کارەسات بارەکانی”  کمیاباران، ئەنفال، ڕاپەڕین” دەرسی وەرنەگرت، نە سودیشی لە دان پێدانی دەستووری بوونی هەرێم وەرگرت، لەدوای ساڵی ۲۰۰٥، کورد وەک ستاتۆ لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ دانی پێدانراوە، دەیتوانی چەندیین هەنگاوبنێت بۆئەوەی چارەنووسی بەم ڕۆژگارە نەگات:

یەکەم : لە ٣٠ ساڵی رابردوودا خاوەن دەستووری خۆمان باین، ئێستا کوردستان لە قۆناغێکی دیکەی حوکمڕانیدا بوو. هەم خەڵک وهەم دەسەڵات سنوورەکانی خۆیان دەزانی و دەستیوەردان کەمتر دەبوو.

هەموو ئەوهەوڵانەی بۆیدرا، ململانێی حزب شکستی پێ هێنا هیچیان نەیانتوانی تەنازول بۆ یەکتر بکەن تا ناکۆیەکەیان قوڵتر کردەوە، هەوڵی نووسینەوەی دەستوریش لەباربرا.

دووەم : هەبوونی نەوت لە هەرێم لەم جوغرافیا داخراوەدا باشترین چانس بوو بۆ کورد، تا هەرێم بکەنە نیشتیمانی کۆمپانیا جیهانیەکانی بەرهەم هێنانی نەوت، دەرفەتێک بوو بۆ درووستکردنی لۆبیکردنی هەرێم لەپاڵ قازانجی ماددی زامنی پارێزراویشمان دەبوو، هەرکەس بیەوێت بچێتە هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزەکان، دەبێ لەدەرگای ئابووریەوە بچێتە ژوورەوە، بەڵام کورد ئەوەی نەکرد، بەپێچەوانەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان ۲۰۱۷ تاکلایەنە ڕوویکردە کۆمپانیا ڕووسیەکان ونەیتوانی هاوسەنگی لەنێوانیان ڕابگرێت.

سێیەم: دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ ئەو هەموو گەندەڵی و نادادپەروەریەی کە لەناوخۆدا هەیە، قەتیسکردنی ئازادیی، کەم کردنەوە و دەستگرتنی ڕۆڵی هەرسێ دەزگای ” چاودێری پەرلەمان و داواکاری گشتیی و دیوانی چاودێریی دارییی”ئەمانە هیچیان نەیانتوانی وەک پێویست ڕۆڵی خۆیان ببین، لەبنەبڕکردنی گەندەڵی، ڕۆژ دوای ڕۆژ گەندەڵکاران دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتربوون و چینی هەژار زیاتربوو، دەرئەنجامی خراپی ئەمانەبووە هۆی بێ ئینتماکردنی هاوڵاتییان بۆخاک و نیشتیمانەکەیان،هیچ کات نەتوانرا هاوڵاتی سەنتەربێت، بەڵکو تەنها حزب سەنتەر بووە، لەناو حزبیشدا کاراکتەرە بەهێزەکان.حکومەت کارێکی بە خەڵک کرد، خەڵک تەمەنای سەدام بکات، یاخود دڵخۆشبێت بەو قەرارانەی لەبەغدا دەردەچن بۆ لەقاڵبدانی.ئەمانەش هەموویان پێچەوانەی دروستبوونی سیاسەتی سەقامگیری هەرێم بوون، دەنگی ناڕەزایی زۆربەی هاوڵاتیان لەشێوەی سکاڵاو واژوو کۆکردنەوە بردنیان بۆبەغدا. پاساویاندابە دەستەوە تاوەکو پڕۆسەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی خێراتربکات.

کورد حاڵی حازر جگە لەوەی لەلایەن بەغداوە خەریکە دەخنکێندرێت، پشتگیری نێو دەوڵەتیشی لاوازبووە، ململانێی سیاسی و نەبوونی ئیدارەیەکی پەسەند کوردی گەیاندە ئەم قۆناغە، کە لە دۆخی دوای ڕیفراندۆم دەچێت، ئاسۆیەک بۆچارەسەر نابیندرێت، پشت بەستن بەوەی گوایە ئەمریکا ناڕازیە لە بڕیارەکانی بەغدا، ئەمە تەنها قسەیە و هەنگاوی کرداری نین، یەک کاتژمێریش قەرارەکانی دادگای فیدڕاڵی ڕاناگرێت، سەرکردایەتی کورد لە گوێ پێ نەدانی نامەکەی” تەلەرسن”ەوە ئەم ڕۆژگارەی ئێستای درووست کرد، ئومێد هەڵ چنیین لەسەری وەک دەڵێن: خۆداپۆشین بەجلی ئەمریکا هەمیشە ڕووتی.

نووسینەکە بۆچوونى نووسەر خۆیەتى.

ئ.م

Comments are closed.