دوای ساڵی ١٩٧٩ بۆ یەکەمجار کەمترین ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی ئێران تۆمار کرا

ناوەندی هەواڵەکان

بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان بۆ یەکەمین جار دوای ساڵی ١٩٧٩ەوە، ڕێژەی بەشداربوونی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا نزمترین ئاست تۆمار دەکات و دەسەڵاتدارانیش ناتوانن پەردەپۆشی بکەن، لایەنە ئۆپۆسزیۆنەکانیش دەڵێن: ڕێژەکە زۆر لەوە کەمترە.

دوێنێ هەڵبژاردنی ١٢یەمین خولی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو، کە پاش سێ جار درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان، ڕێژەی بەشداربوونی دەنگدەران لە نزمترین ئاستدا مایەوە و لە میژووی دەسەڵاتی ئەو ڕژێمەشدا کەمترینی تۆمار کرد.

بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران، لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ٢٠٢٠ ئەمە نزمترین ئاستى ڕێژەی بەشداربوونە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە کەمترین دەنگدەر بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان نەکردوە، ڕاگەیاندنی فەرمی دەوڵەتی ئێرانیش ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ئاستى بەشدارییەکە بۆ یەکەمجارە لە ساڵی ١٩٨٩وە بەو ئاستە بێت.

بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی (ئێران داتا پۆرتاڵ)، ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ تا ٢٠٢٠ بەم شێوەیەیە:-

١٩٨٠ یەکەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٥٢٪

١٩٨٤ دووەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٦٤.٦٤٪

١٩٨٨ سێیەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٥٩.٧٢٪

١٩٩٢ چوارەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٥٧.٨١٪

١٩٩٦ پێنجەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٧١٪

٢٠٠٠ شەشەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٦٧.٣٥٪

٢٠٠٤ حەوتەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٥١.٢١٪

٢٠٠٨ هەشتەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٥٥.٤٪

٢٠١٢ نۆیەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٦٣.٨٨٪

٢٠١٦ دەیەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٦١.٦٤٪

٢٠٢٠ یازدەیەم خولی پەرلەمان، ڕێژەی بەشداربوون ٤٢.٥٧٪

ئەمساڵیش کە ١٢یەمین خولی پەرلەمانی ئێران هەڵدەبژێردرێت، بەپێی ئامارە بەراییەکان ڕێژەی بەشداربوون کەمتر لە ٤١٪ بووە و لە ناوچە کوردییەکانیش ١٢٪ـی تێنەپەڕاندووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆپۆسزیۆنەکانی دەسەڵاتی ئێران دەڵێن: ڕێژەکە زۆر کەمترە لەوەی، کە باس دەکرێت و زۆربەی بنکەکانی هەڵبژاردن چۆڵ بوون و حکومەت بە مەبەستی هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردنیان لە دەنگدان، چەندین جار کاتەکانی دەنگدانی درێژ کردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە کەمی بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە.

ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی”، کە لەو ماوەیەدا سەدان کەس بە تەقەی هێزە ئاسایشییەکان کوژران و هەزاران کەسیش دەستگیر کران، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ کەسیان لەسێدارەداوە و بەشێکی زۆریان بەشداربووانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” بوون.

هۆکاری ئەو کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداربوونەش شارەزایان دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو ناڕەزاییە بەربڵاوەی پاش شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و توندوتیژییەکان بەرامبەر خۆپیشاندەرانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” و توندکردنەوەی سنووردارکردنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لەو وڵاتەدا درووست بووە.

ش. ئـ

Comments are closed.