هێرشەکانی میت دژی شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەران و چالاکوانان لە هەرێم بەردەوامە

ناوەندی هەواڵەکان

دەوڵەتی تورک شۆڕشگێڕان، نیشتمانپەروەران و هەرکەسێک بۆنی کوردایەتی لێبێت دەکاتە ئامانج، بێ پچڕان درێژە بە هێرشە تیرۆرییەکانی دەدات، نیشتمانپەروەر و کوردانی باکووری کوردستان کە بە هۆی دڕندەیی و ستەمکاریی دەوڵەتی تورکەوە خۆیان خستووەتە باوەشی باشووری کوردستانەوە، بەبەرچاوی دەسەڵاتی کوردییەوە تیرۆردەکرێن.

سەرەڕای هەموو هێرشە دیارەکان، تادێت تیرۆرکردنی نێشتیمانپەروەران زیاتر دەبێت و حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێی بێدەنگن و بکوژەکان ئازاد دەسوڕێنەوە و هیچ هەوڵێک بۆ دەستگیرکردنیان نادرێت، لە دوایین جاریشدا نیشتمانپەروەری کورد عەبدولقادر سەبری تۆپراک تیرۆرکرا، هەر دوا بە دوای ئەو ڕووداوە ماڵی هاوڵاتییەکی مەدەنی لە ناوەندی شاری کەلار بۆردوومان کرا.

لە هەر چوار پارچەی کوردستان کورد ئامانجی دوژمنانە، ئاوارە دەکرێت، دەڕفێندرێت، دەستگیر دەکرێت، ئەشکەنجە دەدرێت و لەسەر خاکی خۆی شەهید دەکرێن، کورد لە کوێ بێت دوژمنانی کوردیش لەوێن.

باشووری کوردستان کە لە چاوی کوردان وەک پەناگەیەک سەیر دەکرا، ئەمڕۆ بووەتە ناوەندی هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ئەو کوردانەی بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکەوە ڕوویان لە باشووری کوردستان کردووە، لەبەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پۆلیس و پێشمەرگەی کورددا تیرۆر دەکرێن.

دەوڵەتی تورک ئێستا باشووری کوردستان وەکو ناوەندێک بۆ هێرشەکانی دژی کورد بەکار دەهێنێت، هەر کاتێک بیەوێت کورد دەکوژێت و کەسیش لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکات، لە کاتێکدا کە حکومەتی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، لە هەمان کاتدا گوند و شار و شاخەکانی کوردستان بۆردوومان دەکات، هاوکات نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕانی کورد دەکاتە ئامانج، بەڵام سەرەڕای ئەم هێرشە دیار و بەرچاوانەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بێدەنگن.

نیشتمانپەروەرانی کورد لە باکووری کوردستانەوە لەبەر گرتن، ئەشکەنجە و چەوساندنەوەی دەوڵەتی تورک ڕوویان کردوەتە باشووری کوردستان و لێرەش ئامانجی دەوڵەتی تورکن، میتی تورک بە ئاسانی کورد لە بازاڕ و ماڵ و ناوەندەکانی شارەکانی باشووری کوردستان تیرۆردەکات، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەیان هێرش دژی نیشتمانپەروەر، شۆڕشگێڕ و چالاکوانانی کورد ئەنجام دراوە.

لەم دۆسێیەدا هێرشەکانی میتی تورک لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە بۆ سەر نیشتمانپەروەران، شۆڕشگێڕان و چالاکوانانی کورد دەخرێتەڕوو.

فەرهاد بارش کۆندو

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕۆژی ١٦ـی ئەیلولی ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی، هاووڵاتییەکی بە ناوی فەرهاد بارش کۆندو کە خەڵکی باکووری کوردستانە کردە ئامانج و لەو هێرشەدا فەرهات بریندار بوو.

یاسین بوڵۆت

دوای ئەم هێرشە، لە ١٧ـی ئەیلولی ٢٠٢١، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە بە ناوی یاسین بولوت، نازناوی شوکری سەحەد، لەلایەن ئەندامانی میتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە شاری سیلێمانی دەستڕێژی گولەی لێکرا و شەهید بوو.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر شەهید شوکری، چوار کەس بوون، یەکێکیان تەقەی لێکردووە، ئەوانی دیکەش لە نزیکەوە بوون و دوای تەقەکردنەکە، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا پیکاب بەرەو هەولێر هەڵهتوون، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لەناو سلێمانیدا کامێرای چاودێری و خاڵی پشکنین هەیە، بەڵام هیچ بەربەستێک لەبەردەمیاندا درووست نەکرا.

سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری یەنەکە، لە هەمان ڕۆژدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، زانیاریی گرنگ لەبارەی ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە سلێمانی ڕوویانداوە دەستکەوتوون، بۆ ئەوەی ڕووداوەکە بەباشی ڕوون ببێتەوە و پشتڕاست بکرێتەوە، هەموو زانیارییە پێویستەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە، بەڵام هەتا ئێستاش بڵاو نەکراوەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٨ـی ئەیلول، دەزگای زانیاری و ئاسایشی سلێمانی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، هێرشەکانی ١٦ و ١٧ـی ئەیلول لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدراوە و ئەو کەسە دەستگیرکراوە، هەروەها وێنەی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر سەرچاوە هەواڵییەکان ڕەتیانکردەوە کە ئەو تۆمەتباری سەرەکی بێت.

دوای ڕووداوەکە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئاژانسەکەمان کەوت، هێرشەکە لەلایەن یەک کەسەوە ئەنجام نەدراوە، بەڵکو چوار کەس هێرشیان کردووەتە سەر شەهید شکوری و دواتر بە ئۆتۆمبێل هەڵهاتوون.

زەکی چەلەبی

لەکاتێکدا کە هەمووان چاوەڕێی دەستگیرکردنی بکوژانی شەهید شوکری سەرحەد بوون، بەڵام هەواڵی هێرشکردنە سەر زەکی مەحەمەد چەلەبی بڵاوبووەوە، درەنگانی شەوی ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٢، ئەو نیشتمانپەروەرە خەڵکی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانی دەنیز مەحمەد زەکی چەلەبی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی هێرشی کرایە سەر و لە ١٨ـی ئایاردا لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، تا ئێستاش بکوژەکە دیار نیە.

فەرهاد شبلی

ڕۆژی ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢، فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی ئیدارەی خۆبەریوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەیدا لە ئۆتۆمبێلێکدا لە شارۆچکەی کەلار شەهید بوون، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردومانکرا.

مامۆستا شەمال

مانگێک تێنەپەڕی نیشتمانپەروەرێکی دیکە تیرۆرکرا، ڕۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی تەڤگەری ئازادیی، سوهەیل خورشید عەزیز، بە ناسناوی مامۆستا شەماڵ لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا تیرۆرکرا.

ئەبوزێد دێرهینی

ڕۆژێک دوای ئەوە و لە ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٢ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) نیشتمانپەروەرێکی کوردی کردە ئامانج، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، هاوڵاتییەک بەناوی ئەبوزێد دێرهینی، باوکی ٦ منداڵ، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا کرابە ئامانج، تا ئێستاش هەمووان لەسەر ئەم ڕووداوە بێدەنگن.

ناگیهان ئاکارسێل

ناگیهان ئاکارسەل، ناسراو بە “هەڤاڵ زیلان”، سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ژنە لێکۆڵەر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە ڕۆژی ٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بە دەستی ڕەشی میتی تورک، لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی لە نزیک ماڵەکەی تیرۆر کرا.

ئاکارسەل، خەڵکی شاری کۆنیایە لە باکووری کوردستان، وەک ڕۆژنامەنووس کاری کردووە، ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی تایبەت بە ژنانی نووسیووە، تا ئێستاش مۆرکی خۆی خستۆتە سەر زۆرێک لە توێژینەوەکانی تایبەت بە ژنان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، ماوەی چەند ساڵێک بوو بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە باشووری کوردستان لە سلێمانی کاری دەکرد.

بەپێی زانیارییەکان، ئاکارسەل لە پرۆژەی دروستکردنی کتێبخانەی ژنانی کوردستانیشدا بەشداری کردووە.

لەو کاتەدا ئاسایشی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کە بکوژانی ناگیهان ئەکارسەلیان لە کۆیە بە هاوکاری ئاسایشی کۆیە دەستگیر کردووە.

تورەلی

ڕۆژی ١٧ـی نیسانی ٢٠٢٣ لە شاری دهۆک، هێرشێکی تیرۆریستی لە دژی حوسێن تورەلی ئەنجامدرا و بە هۆیەوە تیرۆرکرا، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە پێشتریش هێرشێکی چەکداری بۆ سەر تورەلی کرابوو بریندار ببوو.

ئاراسان

ئەندامێکی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بەناوی حوسێن ئاراسان، لە بەردەم کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی، نزیک کاتژمێر ١٠:٣٠ لەلایەن تیرۆریستێکەوە هێرشی کرایە سەر، حوسێن کە ٣ گوللـەی بەرکەوت، بە سەختی بریندار بووە و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، سەرەڕای هەموو هەوڵ و تێکۆشانەکان، حوسێن بەرەبەیانی ڕۆژی ١٠ـی حوزەریران شەهید بوو، هەرچەندە هێرشەکە لەلایەن میتەوە ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا بکوژەکان دەستگیر نەکراون.

دەنیز جەودەت

ڕۆژی ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکەی باشووری کوردستان، دەنیز جەودەت، لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر بینای کەنەکە لە هەولێر تیرۆرکرا، هەرچەندە هەموو شەقام و گەڕەکێکی هەولێر بە کامێرا دەورە دراوە، بەڵام تا ئێستا بکوژانی جەدوەت دەستگیر نەکراوە، وەک هەموو کۆمەڵکوژییەکانی تر، حکومەتی کار بەڕێکەری هەرێمی کوردستان و هەموو دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق بێدەنگن.

فریال سلێمان خالید

ڕۆژی ١٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە شاری کەرکوک، ژنە شۆڕشگێڕ، سیاسەتمەدار و پێشەنگی کورد فریال سیلێمان (زەلال زاگرۆس) لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا تیرۆرکرا و تا ئێستاش بکوژەکانی دەستگیر نەکراون.

دکتۆر تۆپراک

ڕۆژی ٢٩ـی شوبات، دەوڵەتی تورک لە سلێمانی هێرشێکی چەکداری لە دژی هاووڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان ئەنجامدا، لە ئەنجامی هێرشەکەدا عەبدولقادر سەبری تۆپراک باوکی ٣ منداڵ گیانی لەدەستدا.

دکتۆر عەبدولقادر سەبری تۆپراک خەڵکی شاری بەدلیسە لە باکووری کوردستان، ١٢ ساڵ لەمەوبەر بە هۆکاری سیاسی پەنای بۆ باشووری کوردستان بردووە، شەهید عەبدولقادر سەبری تۆپراک کە باوکی ٣ منداڵ بوو، لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی کاری دەکرد.

ئەو نیشتمانپەروەرە کوردانەی ڕوویان لە باشووری کوردستان کردووە، لەبەر ئەوەی نابن بە هاوکار بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەکرێنە ئامانج، میتی تورک داوا لە نیشتمانپەروەرانی کورد دەکات کە سیخوڕی و هاوکاری بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی نیشتمانپەروەرانی کورد ئەم داوایەی دەوڵەتی فاشیست قبوڵ ناکەن، لەبەردەم دەسەڵاتی کوردیدا شەهید دەکرێن، هەرچەندە هەموو هێرشەکان لە شوێنی کراوە و دیاردا ئەنجام دەدرێن، هەرچەندە سەدان کامێرا لە شەقامەکاندا هەیە، بەڵام بکوژەکان دەستگیر ناکرێن و ناسنامەیان ئاشکرا ناکرێت، بێدەنگی لە بەرامبەر هێرشە تیرۆرییەکاندا ڕێگە بە دەوڵەتی تورک دەدات بەبێ پچڕان درێژە بە هێرشە تیرۆریستییەکانی بدات.

ب. ق

Comments are closed.