پیتی (س): وەک سەعدوون شیرین

بۆتان گەرمیانی

دەستپێكی مانگی حوزەیران بوو، پێمان لەسەر خاكی ئێزدخان دانا، لە یەكێك لە كۆڵانە تولانی و گڵینەكانی گوندی خانەسۆر لەبەردەم ماڵێكدا دابەزین و شۆفێرەكەمان كە ڕێناس و مێرخاسێكی ئێزدی بوو، ژمارەیەكی پێ دام و گوتی: “كا لێ بگەرە، ئەڤ هەڤال سەعدوونە، كارێ تە لبا ویە.”

دیار بوو شەكەت و وەڕەس بوو لە ڕێگا و حەسرەتی ماڵەوەی كردبوو چەند جاران بە قوربان.. حەیرانم بوو، خێرا كۆڵ و جانتاكەمی هێنایە خوارێ و گوتی كرێی من بدە و بەڕێمكە.

 چەند جارێك پەیوەندیم بەو ژمارەیەوە كرد و وەڵامی نەبوو، لە پڕ پێم كەوتە سەر كۆمەڵێك شاتووی شیلەدار؛ دەنكی بەقەد خورمایەك دەبوو، سەرم هەڵبڕی و بینیم دوو دارتووی چڕ و بەژنزراڤ هەڵكشاون، باڵایان لە ستارەی خانووەكە بەرزتر بوو، وەرزی پێگەیشتنی ‘توو’ بوو وەك دیمەنی ئاسمان لە مانگە شەوی گوندەكاندا هێندەی ئەستێرەكان تووی گرتبوو، مرۆڤ دەمی پڕ ئاو دەبوو، سێبەری دارتووەكان باڵی بەسەر ماڵەكەدا كێشابوو، لە پڕ زەنگێكم بۆ هات و زۆر بە كورتی و بێ پێشەکیی گوتی: “وا ئەز تێم”

پاش تاوێك.. گەنجێكی ڕەشتاڵەی بەژن بڵند و چوارشانە دەركەوت، پاش بەخێرهاتن دەركەی واز كرد و فەرمووی لێ كردین، بۆ ماڵێكی دڵگیر كە چوار لای بە سەوزایی دەورە درابوو، لە ژوورەوەش ڕاخراو و ئامادەبوو پتر لە كاروانسەرا دەچوو، ئەو دەم هەڤاڵ سەعدوونمان ناسی، بەشە جیاوازەكانی ماڵەكە و بەفرگر و ئاشپەزخانەكەی نیشان دام و دیسپلینی شوێنەكەی فێر كردم و گوتی من لەم ناوە دەبم هەر پێویستییەكت هەبوو بانگم بكە، جا بەرلەوەی بڕوات گوتی: ها ئەمڕۆ چوارشەمەیە بۆ ئێمەی ئێزدی ڕۆژێكی پیرۆزە، كەسمان ناچینە سەر كار و خۆمان ناشۆین تەنانەت نینۆكەكانیشمان نابڕین لەم ڕۆژەدا” منیش سەراسیمە سوپاسم كرد و  پێم گوت خاترجەم بە، مرۆڤێكی سادە و دڵسۆز بوو زۆر كەم دەدوا، لێ بە چاوێكی وەها دۆستانە و خزمەتەوە دەیڕوانی هەرچی دوودڵی و سەخڵەتی بوو لە دڵمدا دەیڕەواندەوە، دواتر پێی گوتم كە چوار منداڵی ژیكەڵەی هەن و ماڵی خۆی هەر لەو كۆڵانەدایە و لەژێر سەقفێكی گڵینی پڕ لە خۆشەویستییدا دەژین، بەیانیان زوو لەگەڵ كەوتنی تیشكی ڕۆژ هەڤاڵ سەعدوون بە خۆی و چەند نانی گەرمی تەنوورەوە كە بۆنی ژیانی لێ دەهات دەردەكەوت، ڕۆژباشی دەكرد و چایدانەكەی پێدەخست و مێزەكەی بۆ نانی بەیانی دەڕازاندەوە، لێ هەموو بەیانییەك دەیگوت ئێوە بخۆن نۆشی گیانتان بێت من لەگەڵ هاوژین و منداڵەكانم قاڵواتیم كردووە، بێدەنگی تایبەتمەندییەكی هەمیشەیی ئەو بوو هەمیشە مەنگ بوو، لێ وەك ڕۆژنامە هەواڵی هەموو گوندەكەی لابوو، چ بە شەنگالیش دەگات، دڵنزم و خاكەڕا، کاتێک پێ دەکەنی پتر دەتزانی چەند خەمبارە، چاوانی پێیان دەگوتی، گەر قاقاش لێ بدات، فرە خەمبارە… جووتێک چاو لەگەڵ پێستێکی ڕەشتاڵەی ماندوو… کاتێک هەڤاڵێک شەهید دەبوو، سەعدوون تاریکتر و ڕەشتاڵەتر دادەهات، بێدەنگتر، بەڵام بزەیەکی هەر بۆ دەکردی، کە نەیدەتوانی بیشارێتەوە چەند ماندووە. هەندێك جار شتێكی وەبەرگوێی ئێمە دەدا تا بزانین دنیابینی و باوەڕی ئەو چۆنە ئێمەش سەری متمانە و خاترجەمیمان بۆی دەلەقاند، هەر كات فڕۆكەی چاودێریی توركە داگیرکەرەکان بەسەر گوندەكەوە دەسووڕایەوە دەمودەست هەواڵی پێ دەداین و داوای لێمان دەكرد ئاگامان لە خۆ بێت، جارێك باسی برا گەورەكەی كرد كە چۆن بە بۆردوومانی فڕۆكەی توركەکان شەهید بووە، لە سیمایدا ڕادەی خەمگینی و هۆگربوونی بە برا شەهیدەكەیەوە دەبینرا، بەڵام هەمیشە دەیگوت: قەولێكی ئەم چیایە هەیە، كە بە هیچ كلۆجێك سەری نەوی ناكات و ڕادەست نابێت، مەبەستی لە چیای شەنگال بوو لە ڕاسەرمان، باسی ئەو ڕۆژە ڕەشانەی بۆ دەكردین كە چۆن لە جینۆسایدی ٢٠١٤ـــی دەست چەتەكانی داعش، جگە لە مەلەكی تاوس و چیای شەنگال و گـــ*ە*ر*یلا و شۆڕەسوارانی جووتكەزی هیچ دەستێك لە ئاسمان و زەوییەوە بە هانایانەوە نەهاتووە، هەناسەیەكی سارد و قوڵی هەڵدەكێشا و مژی لە جگەرەكەی دەدا و بەردەوام دەبوو، باسی ئەوەی دەكرد چۆن لەسەر تاتەبەرد خەوتوون، چۆن چیاكەیان كون كردووە و خۆیا  تێدا حەشارداوە، باسی ئەو خیانەتەشی دەكرد كە چەكدارانی بارزانی لێیان كردن و چ برینێكی قووڵی لەسەر جەستەی ئێزدخان جێهێشتووە: پاشان زۆر جوان دەیگوت: بێشەرەفینە! هەمیشە دەیگوت دوژمن وەك گورگی هارە گەر شەڕی نەكەین تا دوا دانەمان دەكوژن، هەر ئەم باوەڕەش پاڵنەری ئەو سۆز و گرێدراوبوونەیان بوو بەو خاك و سیستەمە خۆسەرییەی كە ئاوایان كردبوو، دەیگوت خۆسەری شەنگال وەڵامدەرەوەی هەموو كوشتار و پاوان و تاڵان و جینۆسایدەكانی سەر ڕاسەری ئێزدخانە، بۆیە بە چنگ و ددان دەیپارێزین، هەمیشە کە پرسێکی جدیی باس دەکرد، کورت و چڕ دەیبڕییەوە و دەهاتەوە ناو واقع.

بۆ هەر پرسێکی جدیی کە وەڵامی لا نەبایە، بە متمانە و ئومێدەوە بە دەنگێکی گڕ دەیگوت: (ئەوە هەڤاڵان دەزانن)، کاتێک دەیگوت هەڤاڵان، وێنای کۆمەڵێک زانات دەکرد، کە زۆر بیر دەکەنەوە، زۆر ڕەنج دەدەن و لە هەموو شوێنێکن و…

هەمیشە پێت وابوو لە سەفەردایە، ئێستا کە وێنای دەکەم، وەک مرۆڤێک دێتە پێش چاوم، کە هەمیشە ڕێ دەکات، بە پڕتاو دێت، وەک ڕەشەبا ون دەبێت، دێتەوە… دڵی لای هەزار سیخووڕە لە پێچێکی تاریکدا نەیپێکن و چاوێکیشی لە ئاسمانە بزان گڕەی ناخۆشی درۆنەکان نایەن!

لە پاش جێهێشتنی نیشتمانی پیرۆزی ئێزدییەكان و چیای شنگال، یەكێك لە تۆخترین یادەوەرییەكانم ناو و كەسێتی هەڤاڵ سەعدوون بوو، هەمیشە لەگەڵ گێڕانەوەی گەشتەكەم چیرۆكی ئەوم دەگێڕایەوە، شەوەکەی خواحافیزیمان کرد و چەند وێنەمان گرت، زۆر شتمان وت، هیوای یەکتربینینەوە، مەلەکی تاوس و هتد… با بمێنێت! باوەشمان لێک دا، پێکەنیی، چاوانی بچووک بوونەوە، هەمان خەمباریی کاتی پێکەنین لە پێکەنینیدا قوڵپی دەدا. بە دەنگێکی گڕ وتی: سبەی ناتانبینم، من دەچم…

ئەمشەو لەگەڵ سوورێن سەیری وێنەکەیمان کرد، دڵمان داخورپا، لە بری بڵێیین بەداخەوە، بیری باخچەکە، بۆنی نانی گەرم، دەنگە گڕەکەی لە مەتبەخ، تەلەفۆنە لەناکاوەکان و ڕۆیشتنی بەردەوامیمان کەوتەوە یاد وەک ڕەشەبا، کاتێك ئەمانەم دەنووسی، سوورێن گوتی: لە هەر شت زیاتر ئەو بوخچە پەڕاو و کتێبە خەمبارم دەکات، کە چەند مانگە لە ترسی ڕێگری بازگەکانی پەدەکە لای خۆی بۆی پاراستووین، بوخچەیەک پەڕاو بە بێ سەعدوون، لەسەر مێزێکی نێو ماڵێک کە ئیتر چۆڵە، وێنای ئەو بوخچەیە دەکەم، بەبێ سەعدوون لە سووچێک، کەس نازانێ بۆ وا گرێ دراوە و لەوێیە، بوخچەیەک کە شاهیدی دواڕوانیمانە لە چاوەکانی کە پێکەنی و ئێمە حەزمان نەکرد ئاوا خەمبارانە پێ بکەنێت…

پاش ئەو ماوە زۆرە دیسان وێنە و ناوی ئەوم هاتە بەرچاو، بەڵام بە جارێك دڵ و دەروونم داخورپا و تاسام لە جێگەی خۆم، ئاخێكی قوڵم هێندەی ئاخە پڕ حەسرەتەكانی خۆی هەڵكێشا و گوتم ڕەوانت شاد شەهید نامرن.

تاوسی مەلەک چرای ڕێگەت بێت هەڤاڵ سەعدوون.

Comments are closed.