لە سلێمانی کۆڕێک بە ناونیشانی ‘دەرکەوتەکانی کەلتووری میوزیکی کوردی’ بەڕێووەچوو

سلێمانی

ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، کۆڕێکیان بە ناونیشانی ‘دەرکەوتەکانی کەلتووری میوزیکی کوردی’ بۆ هەریەک لە ڕێژوان تەها موزیسیان و نووسەر و میر ئەکبەر موزیسیان و لێکۆڵەر لە مۆسیقای کوردی، ئەنجام دا.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لەلایەن ڕێکخراوی ئازادبوونەوە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ساڵۆنی فکریدا، کۆڕێک بە ناونیشانی ‘دەرکەوتەکانی کەلتووری میوزیکی کوردی’ بەڕێوەچوو.لە سەرەتای کۆڕەکەدا میر ئەکبەر پارچەیەک میوزیکی کوردی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

ڕێژوان تەها
ڕێژوان تەها

 

دواتر ڕێژوان تەها، لەبارەی میوزیکی کوردییەوە وتی: نەتەوەی کورد خاوەنی کۆمەڵێک دەرکەوتەی جۆرا و جۆرە لە کەلتوورەکەیدا، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی لە چەند لایەکەوە گەشەی کردووە، هەروەها ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە میوزیک و کەلتوور و فەرهەنگ و ئاینەکانی کوردستان، دەمانەوێت لە چەند کۆڕ و سیمینارێکدا ئەم باسانە بخەینەڕوو.

وتیشی: ئامانجمانە شووناسی گەلی کورد، بگەڕێنینەوە و ئەو تەم و ناڕوونییە لابەرین، کە وڵاتانی داگیرکەر درووستیان کردووە، بە مەبەستی شێواندنی کەلتوور و میوزیک و فەرهەنگی کوردی، ڕووە ڕاستەقینەکەی پیشانی گەلی کورد بدەین و هەستی شانازیان بۆ بگەڕێنینەوە.

لەبارەی گرنگی و پاراستنی هونەری فۆلکلۆری کوردی لە

 

 ڕۆژئاوای کوردستان و گرنگیدانی گەنجان بەم جۆرە هونەرانەوە وتی:  لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاگاییەک درووست بووە، کە هۆشیارن لە کورد بوون و کەلتوور و مێژووی خۆیان، لەوێدا سیستەمێک هەیە کە تیایدا هەموو گەلان بە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە دەژین، لە ڕۆژئاوای کوردستان هونەر و میوزیک بناغەیەکی گرنگی خۆی هەیە و چەندین گرووپی هونەری بوونیان هەیە.

ڕێژوان تەها، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، ڕێبەر ئۆجالان، لە ڕوانگەیەکی شۆڕشگێڕانە و بەرەنگارییەوە، باس لە داستانی دەروێشی عەبدی دەکات، هەروەها دەبینین کە داستانی دەروێشی عەبدی بەشێکە لە ئەو نەریتە بەرەنگاییەی کە لە فۆلکلۆر و داستانە کوردییەکاندا هەیە، ڕێبەر ئاپۆ ناوەڕۆکی ئەم داستانە کوردییە دەبەستێتەوە بە ڕۆحییەتی تێکۆشان و بەرخۆدان لە پێناو پاراستنی شووناسی نەتەوەکەیدا.

میر ئەکبەر
میر ئەکبەر

هەر لە کۆڕەکەدا میر ئەکبەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە لە یەکەمین هەوڵەکانی ئێمەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە بارەی مێژوو و میوزیکی کوردی، ئامانجمان لە ساز دانی ئەم کۆڕەش، بۆ خستنەڕووی ئەو بەشە میوزیکەی کوردییە، کە نە گێڕدراوەتەوە و وەک پێویست کاری لەسەر نەکراوە.

وتیشی: ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەو میوزیک و مەقاماتە کۆنانەین، هەر بۆیە ئەمڕۆ باس لە میوزیکی یارسان و ئامێری تەمبوور کرا، کە کۆنترین نموونەی هونەر و کەلتووری مێژوویی کوردن، تەواوی ئەو ئاوازانەی، کە لەناو میوزیکی یارساندا بوونیان هەیە، لە مێژوودا بەکار هێنراوە، لە داهاتووشدا ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ زیاتر خزمەت کردنی هونەری کوردی و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی.

ب.گ

Comments are closed.