سووننەكان داوای دانیشتنێكی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكەن

ناوەندی هەواڵەكان

لایەنە سوونەکانى عێراق داوای دانیشتنێكی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكەن، سەرۆكی هاوپەیمانی سیادەش دەڵێت، نابێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە بمێنێتەوە، حزبی تەقەدومیش دەڵێت، بەیاننامەى كۆبوونەوەکەی دوێنێی لایەنە سوونەكان ڕەت دەكەینەوە.

میدیا عێراقییەكان لە بارەی كۆبوونەوەی دوێنێی لایەنە سوونییەكان لە بەغدای پایتەخت، بە مەبەستی دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

میدیا عێراقییەكان  بڵاویان كردەوە، شەوی ڕابردوو هاوپەیمانیی سیادە، عەزم و حەسمی وەتەنی، لە ماڵی ئەبو مازن لە بەغدا كۆبوونەوە و تێیدا داوای ئەنجامدانی دانیشتنێكی بەپەلەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق کرد.

دوای كۆبوونەوەكە خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ زۆرێك لە پەرلەمانتارە سووننەكان ڕێككەوتین بۆ ئەوەی خشتەیەكی كار دابنێین و كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، نابێت لەمە زیاتر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە بمێنێتەوە، چونكە دەبێتە مایەی كێشە بۆ پڕۆسەی سیاسی عێراق.

ڕوونیكردەوە، ئێمە بە ڕۆڵی خۆمان  هەڵدەستین و لایەنە سوونەکان كۆدەكەینەوە و داوای دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان دەكەین، لە ڕۆژانی داهاتووش دانیشتنەكە ئەنجام دەدرێت.

شەوی ڕابردوو لە شارى بەغداد، جگە لە حزبی تەقەدوم، تەواوی هێز و لایەنە سووننەكانی عێراق، لە ماڵی ئەحمەد عەبدوڵا جبووری ناسراو بە ئەبو مازن، بۆ دەستنیشان كردنی كاندیدێك وەك جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە.

دوای تەواو بوونی كۆبوونەوەی لایەنە سوونەكان، حزبی تەقەدوومی حەلبووسی بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە، گفتوگۆ و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی شەوی ڕابردووی ڕەتكردەوە، دەڵێن، ئەو لایەنانە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەی سووننە ناكەن.

هاوکات، كاندیدی لایەنە سنوونەكان، جگە لە حزبی تەقەدووم بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان سالم عیساوییە، هەروەها كاندیدی حزبی تەقەدوومیش شەعلان كەریمە، كە لە كۆتا دانیشتنی پەرلەماندا بۆ سەرۆكى پەرلەمان زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی چەند پەرلەمانتارێكەوە كۆبوونەوەكە دواخرا.

ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.

هـ.ئ

Comments are closed.