تۆڕێکی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق دەستگیرکران

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو هێزەکانمان تۆڕێکی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانیان دەستگیرکردووە، کە لە نێوان بەغدا، هەولێر و بەسڕەدا کارى بازرگانیان بە ماددەى هۆشبەرەوە کردووە، دەشڵێت، تۆڕەکە پێکهاتوون لە ١٢ کەس.

میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق درەنگانی شەوی ڕابردوو لە بارەی دەستگیرکردنی تۆڕێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەرەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانمان لە بەڕێووەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێووەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکانى هەرێمی کوردستان تۆڕێکی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانمان دەستگیرکردووە، کە لەنێوان بەغدا، هەولێر و بەسڕەدا بازرگانیان بە ماددە هۆشبەرەوەکانەوە کردووە.

هەروەها ووتیشی، تۆڕەکە پێکهاتوون لە ١٢ کەس و دەستمانگرتووە بەسەر ٣٠ کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرى کریستاڵ.

جێگەى ئاماژەیە، شارەزایانی عێراقی بواری ماددە هۆشبەرەکان هۆشداریی دەدەن لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و داوا لە مامۆستایانی ئاینی و میدیا و كەسە دیارەكانی عێراق دەكەن، گەنجان و هاوڵاتییانی عێراق لە مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر ئاگادار و هۆشیار بكەنەوە.

ڕ.شـ

Comments are closed.