حەوت ساڵ بەسەر خیانەتی پێشمەرگەکانی ڕۆژ لە خانەسوور تێدەپەڕێت

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ، حەوت ساڵ تێدەپەرێت بەسەر یەکێك لە دەیان خیانەتە بەردەوامەکانی پەدەکە بۆ سەر گەلی کورد، کە ئەمجارەیان بەناوی پێشمەرگەی “ڕۆژ”ـەوە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هێرشی کردە سەر کۆمەڵگەی خانەسوور، کە بە هۆیەوە ١٢ کەس شەهید بوون و بە بەرخۆدانی گەریلا، ئاسایشی ئێزیدخان و هێزەکانی یەبەشە، جارێکی دیکە پیلانەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک هەڵوەشێندرایەوە.

لە ٣ـی ئاداری ساڵی ٢٠١٧، چەتەکانی “ڕۆژ”ـی سەربە پەدەکە بە فەرمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگەی خانەسوور لە سنووری شنگال و بەهۆیەوە ١٢ کەس شەهیدبوون.

پیلانەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داڕێژرا و پەدەکەش جێبەجێکاری بوو، ئەم هێرشە لە دژی ئەو بەرخۆدانە بێ وێنەیەی گەلی شنگال لە دژی چەتەکانی داعش، ئافراندنی سیستەمی خۆبەڕێووەبەریی، پەروەردەکردن و بەڕێکخستن کردن و پێکهێنانی هێزێک بوو، کە لە گەل پێکدەهات و پارێزگاری لە گەل دەکرد.

بە هۆی ئەو هێرشەوە، چەتەکانی پەدەکە دەیان کەسیان شەهید و بریندار کرد، هەر لەو کاتەدابوو، کە دوو گەریلا هاتنەپێش زرێپۆشەکانیان و داوایان لێکردن، کە هێرش نەکەنە سەر ئێزیدییەکان و بکشێنەوە، بەڵام لەلایەن ئەو هێزەوە تەقەیان لێکراو شەهیدیان کردن.

حەمید ڕیاد
حەمید ڕیاد

حەمید ڕیاد، یەکێک لەو کەسانەیە، کە پێشتر لەناو پێشمەرگەی “ڕۆژ”ـدا بووە و لەو هێرشەدا بەشداریی کردووە، ئەو ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستانە و لەبارەی ئەو هێرشانەوە دەڵێت: پێشمەرگەی ڕۆژ لە ڕێگای پەدەکە، میتی تورک و ئەنەکەسەوە چەکی خیانەتی لەدژی کۆمەڵگەی خۆی هەڵگرت.

هەر دوای سێ ساڵ لەو خیانەتە، لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، پەدەکە جارێكی دیکە دەستی بە خیانەتێکی نوێ لە دژی گەلی کورد و شنگال دەستپێکرد، ئەوەش ئەنجامدانی ڕێککەوتنێك بوو لەگەڵ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، تاکە ئامانجی ئەو ڕێککەوتنەش بۆ لەناوبردنی گەلی ئێزدیی یان بێبەشکردنیان لە مافەکانیان بوو.

ئەمڕۆ، حەوت ساڵ بەسەر ئەو خیانەتەدا تێدەپەڕێت و پەدەکە هێشتا هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات و پێکەوە لە ئاسمان و ڕێگەی ئیدارییەوە هێرش دەکەنە سەر گەلی ئێزدی و دانیشتوانی شنگال.

ب. جـ

Comments are closed.