عەتوان عەتوانى: دەبێت هەرێم پابەند بێت بە گواستنەوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ مانگی ئادار حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت پابەند بێت بە گواستنەوە و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بانكە فیدراڵییەكانی عێراقەوە.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بانكە فیدراڵییەكانەوە بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

عەتوان عەتوانی ڕایگەیاندووە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، حكومەتی عێراق پارەی مووچەی مانگی شووبات بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام بۆ مانگی ئادار حكومەتی هەرێم دەبێت پابەند بێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق تایبەت بە گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ سەر عێراق و دابەشكردنی لە ڕێگەی بانكە فیدراڵییەكانەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێم، بەبێ گوێدانە پابەندییەكانی هەرێم، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە و لە ڕێگەی كردنەوەی هەژماری بانكی لە بانكە حكومییەكانی عێراق دەبێت.

بەپێی وتەی چەند پەرلەمانتارێكی عێراق، لەم هەفتەیەدا بەغدا مووچەی مانگی شووبات دەخاتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی حکومەتى ماوە بەسەرچووى هەرێمی كوردستان، دوای گەیشتنی پارەكە، دابەشكردنی مووچەی مانگی شووبات دەست پێدەکات.

هـ.ئ

Comments are closed.