لیژنە هاوبەشەكان بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق بڵاوی كردەوە، شەوی ڕابردوو لیژنە باڵاكان بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كۆبوونەوە، تێیدا بڕیاردرا هەر ١٥ ڕۆژ جارێك لیژنەكان كۆبوونەوەیەك بە مەبەستى تەواوكردنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن.

لیوا عەبدول ئەمیر ڕەشید یارەڵا سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی شەوی ڕابردووى لیژنە هاوبەشەكانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، شەوی ڕابردوو لە بەغدا لیژنە هاوبەشەكانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا سێ لیژنەی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی هێرشى چەتەکانى داعش و تواناى هێزە ئەمنییەكانی عێراق پێكهێنران.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیار درا لیژنە باڵاكان هەر ١٥ ڕۆژ جارێك كۆبوونەوەیەك بە مەبەستى تەواوكردنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ئەنجام بدەن.

ڕوونی كردەوە، هەستمان بە جددیەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لایەنی ئەمریكی بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كرد لەکاتێکدا ئێستا ئەركى هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەنها لە پشتیوانی ئاسمانیدا خۆى دەبینێتەوە، هیچ هێزێكی شەڕكەری لەسەر خاكی عێراق نییە.

عەبدول ئەمیر ڕەشید یاروڵا دەشڵێت، دیدگای عێراق بریتییە لە تەواوكردنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

لە دوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی ماوەی مانگێكە گفتوگۆكانی چوونە دەرەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق گەرمتر بووە و پەرلەمان و بەرپرسانی عێراقی زۆر بەجددی لەوبارەوە كاردەكەن.

هـ.ئـ

Comments are closed.