کەجەکە: دەبێت هەموو کەسێک لە دژی هێرشی قڕکردنی کوردان هەڵوێستی هەبێت

ناوەندی هەواڵەکان

کەجەکە ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە چوارچێوەی ئامانجە قڕکەرییەکانی لە شنگال، سلێمانی و کەلار هێرشی ئەنجامدا و بانگەوازیی لە هەمووان کرد لە دژی ئەو هێرشانە هەڵوێستیان هەبێت، هەروەها ناسنامەی شەهیدەکەی کەلاری ڕاگەیاند.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە شنگال، سلێمانی و کەلار، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، لە هەفتەی ڕابردوودا، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە شنگال، سلێمانی و کەلار، هێرشی ئەنجامدا و سێ شەهیدی لێ کەوتەوە، ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین، بە ڕێزەوە شەهیدان بەبیر دەهێنینەوە، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی هێرشە قڕکەرییەکانی دیکەدایە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، لە هێرشەکەی کەلاردا، ئەندامی تەڤگەرەکەمان هەڤاڵ شەڤگەر شەهید بوو، هەڤاڵ شەڤگەر لە ساڵی ٢٠٢٢ لە باشووری کوردستاندا دەستی بەکاری ڕێکخستنی و سیاسیی بەردەوام کرد، لە کەسایەتی هەر سێ شەهیدماندا، تەواوی شەهیدانی شۆڕش و تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسیی بە ڕێزەوە بە بیر دەهێنینەوە، هیوا و ئامانجەکانیان بەدی دەهێنین.

ئاماژە بەوەش دراوە، بە هێرشکردنە سەر پێشەنگەکانی تێکۆشانی ئازادیی، دەیانەوێت گەلی کورد بترسێنن، بشکێنن و ڕادەستیان بکەن و لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵە قڕکەرییەکانی خۆی پێکدێنێت، بانگەوازیی لە هەمووان دەکەین، لە دژی دوژمنایەتیی کردنی گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو هێرشە قڕکەرییانە هەڵوێست نیشان بدەن و ڕاپەڕن.

ڕاگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

لە هەفتەی ڕابردوودا، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە شنگال، سلێمانی و کەلار، هێرشی ئەنجامدا و شەهیدی لێ کەوتەوە، ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین، بە ڕێزەوە شەهیدان بەبیر دەهێنینەوە، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی هێرشە قڕکەرییەکانی دیکەدایە، بە هێرشکردنە سەر پێشەنگەکانی تێکۆشانی ئازادیی، دەیانەوێت گەلی کورد بترسێنن، بشکێنن و ڕادەستیان بکەن و لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵە قڕکەرییەکانی خۆی پێکدێنێت، بانگەوازیی لە هەمووان دەکەین، لەدژی دوژمنایەتیی کردنی گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو هێرشە قڕکەرییانە هەڵوێست نیشانبدەن و ڕاپەڕن.

دەولەتی تورک، پیلانێکی نوێ لەسەر باشووری کوردستان دەخاتە پێش خۆی، بۆ ئەوەی ئەو پیلانە داگیرکارییەی لە باشووری کوردستاندا پێکبهێنێت، فشار لە عێراق و یەنەکە دەکات و هەوڵ دەدات وەک پەدەکە هاوکاریی بکرێن، بەو هێرشانەش دەیەو‌ێت یەنەکە و دەوڵەتی عێراق بترسێنێت، دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە لەبەرامبەر تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا شکستی هێناوە، بە قوڵ کردنەوەی شەڕ دەیەوێت هەندێک ئەنجام بەدەستبهێنێت، هەڕەشە و هێرش دەکاتە سەر هێزە وڵاتپارێزەکانی عێراق و باشووری کوردستان، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، کەوتووەتە بارودۆخێکەوە کە زیان بە هەموو کەسێک دەگەیەنێت، بە عەقڵییەتی نەتەوەپەرستیی، نەژادپەرەستیی و عوسمانی نوێ سیاسەتی خۆی دەکات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە قوڵکردنەوەی شەڕ دەیەوێت ئارامی ناوچەکە تێکبدات و داگیرکاریی لە ناوچەکەدا بکات.

لە هێرشکردنە سەر شنگالدا وڵاتپارێزێکی ئێزدی بە ناوی سەعدوون عەلی شەهیدبوو، هێرشکردنە سەر ‌شنگال بۆ لەناوبردنی ئیرادەی ئازادیی گەلی ئێمەی ئێزدییە، دەیەوێت گەلی ئێزدیی قڕ بکات کە داعش نەیتوانی بیکات، هەموو هێرشەکان بەو ئامانجەوەیە.

عەبدولقادر سەبری تۆپراک، لە هێرشێکدا لە سلێمانی شەهیدبوو، کە بە هۆی فاشیزمییەتی ئاکەپە و مەهەپە ناچار بوو لە باکووری کوردستان دەربکەوێت و لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان نیشتەجێبوو، ئەم ڕۆڵەیەی کورد کە بە دکتۆر سەبری دەناسرا، خزمەتێکی مەزنی گەلەکەی دەکرد، هەروەها ڕۆڵەی شەهیدێک بوو، هەڤاڵ سەبری ‌هێشتا منداڵ بوو، باوکی بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بووە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ شەهید بوو.

ب. جـ

Comments are closed.