مەسروور بارزانی بە پارەی گەل لە ئەمریکا چی دەکات؟

ناوەندی هەواڵەکان

لەکاتێکدا، کە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەدەست نەبوونى مووچە و دەیان کێشە و قەیرانی دیکەوە دەناڵێنن، مەسروور بارزانی، کە سەرۆکایەتى حکومەتێکی بەسەرچووی بێ شەرعییەت دەکات سەردانى ئەمریکای کرد و لەسەر حسابی گیرفانی مووچۆخۆر و هاوڵاتییانی هەرێم سەفەرێکی پڕ لە خەرجی و بەهەدەردانى پارەی ئەم هەرێمە دەکات، بەبێ ئەوەی ئەو سەردانە هیچ بەرژەوەندی و ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەبێت.

مەسرور بارزانی، جگە لە خەرجی زۆر و زەوەندی خۆی و شاندەکەی، کە کەس نازانێت چەندی خەرج کردوە بۆ شەوێک مانەوە لە هۆتێل و خواردن و گەڕان و نمایشی ئۆتۆمبێلەکانی، پارەیەکى خەیاڵی بۆ بینینی وەزیری دەرەوە و سیناتۆرەکانى ئەمریکا خەرج کردوە بە مەبەستى بەدەستهێنانی پشتیوانیان بۆ مانەوەى خۆی و ماڵباتەکەى لەسەر کورسی دەسەڵات.

نە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و نە هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکى یاسایی و چاودێری هەیە، کە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لە خەرجییەکانى ئەو سەردانە بکات، سەرۆکی حکومەتى ماوە بەسەرچوو دوور لە هەموو چاودێرییەکى دامەزراوەکان بە ئارەزووی خۆی تەخشان و پەخشانى داهاتى هەرێم دەکات، کە قوت و ژیانى هاوڵاتییان و مووچەخۆرانى لەسەرە.

هەر لەسەرەتای سەردانەکەیەوە، مەسروور بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەى ئەمریکا دیداری کرد، پێش دەستپێکردنى کۆبوونەوەکە بلینکن بە ڕۆژنامەنوسانى وت، ئەوان پشتیوانى لە هەرێمێک دەکەن، کە لەچوارچێوەى عێراقدا و لەگەڵ حکومەتى بەغدا گفتوگۆ و پەیوەندی توند و تۆڵی هەبێت، ئەوەش ئاماژەیەک بوو بە نیگەرانى وڵاتەکەی، کە وەک پێویست کابینە بەسەرچووەکەى مەسرور بارزانى لەگەڵ بەغدا تەبا نییە.

ڕۆژانی دواتر مەسرور بارزانى چاوی بە چەندین سیناتۆر و بەرپرسانى پێشووی خانەنشینکراوی ئەمریکا کەوت، ئەو دیدارانە تەنیا و تەنیا بۆ دروستکردنى لۆبی و پشتییوانییە بۆ مانەوەى خۆی و کەسانی دیکەى بنەماڵەکەیەتى لەسەر کورسی دەسەڵات، جگە لەوە هیچ سودێکی ڕاستەوخۆی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە.

چاودێرانى سیاسی دەڵێن، ئەگەر سەردانەکەى مەسرور بارزانى بۆ ئەمریکا ئەم ئەنجامانەی هەبوو ئەوکات دەتوانرێت بوترێت سەردانەکە ئەرێنییە و لۆبی دروستکردن بووە بۆ خەڵکی کوردستان، یەکەم ئەمریکا گەرەنتی پاراستنى هەرێم لە هێرشەکانی وڵاتان بدات، دووەم بەڵێنی ناچارکردنى بەغدا بە پێدانی ماف و شایستە داراییەکانى هەرێم، سێییەم بەردەوامی هاوکاری مادی و مەعنەوی بە حکومەتى هەرێم و پێشمەرگە، چوارەم گەرەنتى مانەوەى هەرێم وەک قەوارەیەکی دەستووری.

 بەڵام چاودێرانى سیاسی جەخت دەکەنەوە، کە مەسرور بارزانى هیچ کام لەو ئەنجامانەى بەدەست نەهێناوە، چونکە تەواوی دیدارەکانى لەپێناو بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەکەى بووە و تەنیا باسی کابینەکەى خۆی بۆ ئەو بەرپرسانەى ئەمریکا کردوە و هیچ پرۆژە و پلانێکی بۆ باشکردنى دۆخی ژیانی خەڵک و ئازادیی کاری سیاسی و ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی و پەیوەندییەکانى لەگەڵ بەغدا باس نەکردوە.

 مەسروور بارزانیش دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ بە کرێ گرتنی ئەو کەسانەدا خەرج کردووە، نرخی بە کرێ گرتنی ئەو کەسانەی کە لۆبی دەکەن، بۆ هەر کەسێكی ئاسایی لە دوو دەفتەر دۆلارەوە دەست پێ دەکات، تا نزیکەی ٢٥ دەفتەر دۆلار دەچێت، گەر ئەو کەسانەی وەک لۆبی بە کرێ دەگیرێن، ڕاوێژکار یان پەیوەندییە سیاسییەکان بێت ئەوا نرخەکەی تا زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار دەچێت.

سەردانەکەی مەسرور بارزانى هاوکاتە لەگەڵ ئەو سکاڵایەى، کە لە لایەن لە سندووقی قوربانییانی کوردستان و مەکی ئامێدی و چەندین کەسی دیکەوە لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا لەسەر ماڵی بارزانى و چەندین بەرپرسی پەدەکە تۆمار کراوە، کە چەندین تۆمەتی مەترسیداریان خراوەتە پاڵ بە نموونە (تیرۆرکردن، کوشتنی هاوڵاتیی ئەمریکی، ڕفاندن، سپی کردنەوەی پارە، کپکردنی دەنگی ئازاد، تێوەگلان لە کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان و هتد).

یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانى ئەو سەردانە دروستکردنى لۆبییە بۆ پەردە پۆشکردن و دیزە بەدەرخۆنەکردنى ئەو سکاڵایە، کە لەسەر خۆی و بنەماڵەکەی تۆمار کراوە، وەک چۆن ئەوان بە ئارەزووی خۆیان دەستوەردان لە دادگاکانى هەرێم دەکەن، بەڵام لەو هەوڵەش شکستى هێناوە و هیچ بەڵێن و پشتیوانییەکى پێنەدراوە، بەڵکو بەرپرسان و سیناتۆرەکان پێیانڕاگەیاندوە ئەوان دەستوەردان لە کاروباری دادگاکانى خۆیان ناکەن، بەتایبەتتریش دادگای فیدراڵی ئەمریکا، کە باڵاترین دەسەڵاتی یاساییە کەس مافی دەستووەردانى لە کارەکانی نییە.

هەرچەندە سەرانی بارزانی، دەیان ملیۆن دۆلارییان لە لۆبیی کردن خەرجکرد، بەڵام هیچیان فریای نەکەوت، بۆیە لەگەڵ کۆمپانیای “گرینبیرگ تراورینگ”، ڕێککەوتن، کە تەنها نرخی وەڵامدانەوەی سڵاوێکیان ملیۆنان دۆلارە، ئەم کۆمپانیایە زیاتر لە دوو هەزار و ٧٥٠ پارێزەری لە سەرانسەری جیھاندا هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانى ئەمریکا لە هەموو ئەو دیدارانەدا ئەو کەسانەى چاویان بە مەسرور بارزانی کەوتووە ڕەخنەیان لە خۆی و کابینەکەى گرتووە، کە لە بواری ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانى و مافی مرۆڤدا هەرێم پاشەکشەیەکى گەورەى بەخۆیەوە بینیوە و داوایان لێکردوە پێداچوونەوە بە دۆخەکە بکات.

سەبارەت بەو سەردانە ئەحمەد میرە رۆژنامەنوس و مامۆستای زانکۆ دەڵێت: ئەم سەردانەى مەسرور بارزانى سەردانێکی کڕدراوە، چونکە هەرێم پەیوەندییەکانى دەرەوەی دۆڕاندوە، هۆکارەکەش کێن، ئەو بەرپرسانەن، کە دەستى ئەردۆغان ماچ دەکەن و سیناتۆرێکی ئەمریکی بە پارە دەکڕن.

ب.جـ

Comments are closed.