لە کەرکووک یادی هونەرمەند و مەقامبێژی کورد شکور خەیات بەرز ڕاگیرا

کەرکووک

کۆمەڵێک گەنجی هونەرمەند، بە کردنەوەی پێشانگایەکی شێوەکاری و فۆتۆگرافی لە کەرکووک، یادی هونەرمەند و مەقامبێژی دیاری کورد شکور خەیاتیان بەرز ڕاگیرت و لە پێشانگاکەدا چەندین هونەرمەندی دیار بەشدار بوون.

بە درووشمی “هونەرمەندانی شێوەکار.. سۆز و سەدای شکور خەیات ڕەنگ ڕێژ دەکەن” ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەشێک لە هونەرمەندان، لە سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکووک، بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو خزمەتەی کە هونەرمەند “شکور خەیات” کردوویەتی بە هونەری ڕەسەنی کوردیی، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی و شێوەکاری بۆ وێنەکانی کرایەوە.

چالاکییەکە لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان- لقی کەرکووک، بە بەشداری مامۆستایان و خوێندکارانی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی کەرکووک ڕێکخرا، کە تێیدا دەیان هونەرمەندی شێوەکاری کوردستان بەکارەکانیان بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردبوو.

پێشانگاکە پێکهاتبوو لە ٦٥ تابلۆ کە نیوەی فۆتۆگرافی بوو نیوەکەی دیکەشی شێوەکاری بوو، کە لەلایەن هونەرمەندانی کەرکووک و مامۆستایانی پەیمانگای هونەرەجوانەکانەوە ئامادە کرابوون، هەمووشیان وێنەی هونەرمەندی گەورەی کورد شکور خەیات بوون.

جێگای ئاماژەیە، شکوور محەمەد قادر ناسراو بە (شکوور خەیات) مامۆستای مەقامی کوردی و یەکێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٠ لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٥٣ ئاشنابووە بە هونەری کوردیی و دەستی بە وتنی بەستە و مەقامات کردووە، شکوور خەیات لە ١٩٥٥ یەکەم بەرهەمی هونەری خۆی لەسەر دەستی مامۆستا عەلی مەردان تۆمار کرد و وەک یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی بواری مەقام ناسرا و تا دوا هەناسەکانی ژیانیشی لە خزمەت ئاواز و گۆرانی ڕەسەنی کوردی بوو.

 شکوور خەیات لەپاڵ هونەرەکەیدا لە ساڵی ١٩٥٧وە  دەستی بە کاری خەیاتی کردووە، چونکە نەیتوانیوە بە کاری هونەری بژێوی ژیانی دابین بکات، چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان گەڕاوە و چەند ساڵێکیش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر بردووە، دواجار دوای مانەوەی ١١ ڕۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشییەوە لە ١٨ـی ئابی ٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد.

ب.گ

Comments are closed.