سوودانی ماوەی دوو هەفتەی داناوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی کەرکووک

ناوەندی هەواڵەکان

لە پاش کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و محه‌مه‌د ‌شیاع سوودانی، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ دیاریی كرا بۆ ئه‌وه‌ی لایەنەکان بگه‌نە ‌ڕێكکه‌وتن لەسەر پارێزگار و سەرجەم پۆستەکانی تری کەرکووک.

ئەمڕۆ سەرجەم فراکسیۆنە براوەکانی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی شارەکە لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆبوونەوە.

لە پاش کۆبوونەوەکە، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یا‌ندراوێكی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، محه‌مه‌د شه‌یاع سوودانی، له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ وتوێژه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌ براوه‌كان بۆ ڕێککەوتن له‌سه‌ر ئه‌و نووسراوانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشكه‌ش كران، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به‌ ڕێككه‌وتن له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا له‌سه‌ر شێوازی هه‌ماهه‌نگی كه‌ كێشه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی خێراكردن له‌ دیاریكردنی پارێزگاری نوێ و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا.

له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كاندا له‌ كه‌ركووك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما ڕێككه‌وتبوون، له‌وانه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ركووك له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ براوه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ چه‌ترێكی سیاسیی بۆیان و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ ده‌كات، تا جێبه‌جێ كردنی مافە ده‌ستورییه‌كانیان له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیدا.

ب.گ

Comments are closed.