هەرێم يان بەغدا؟

ئارێز عەبدوڵا

لە رۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، تاکو ساڵی ٢٠٠٣ ناوی بەغدا بۆ گەلی کوردستان تەنيا مانای دەسەڵاتێکی ستەمکار و تاوان و چەوساندنەوەی دەدا.

دوای روخانی رژێمی سەددام حسين بارودۆخەکە گۆڕا و پێگەی هەرێم هاوتای دەوڵەتی عێراق بوو.

هەرێم دەيتوانی بە خزمەتگوزاری و سيستەمێکی  حوکمڕانی مۆدێرن بەبێ ژاوە ژاو نەک هەر رکابەری لەگەڵ بەغدا بکات، بەڵکو گرەوەکەشی لێ بباتەوە، چونکە زەمينەی لەبارتر و دەرفەتی گەورەتری هەبوو.

مخابن برادەران بە بەرزکردنەوەی تەلارەکان تێکەوتن و پێيان وابوو هەموو خەڵکی لە سايەی ئەو تەلارانە ئۆخەی دەکەن و جيهانيش بە پێشکەوتوومان دەزانن.

ئەوان نەياندەزانی پێورەکانی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی تەلاری بەرز نیين، بەڵکو بەرزی ئاستی پەرەوەردە و فێرکردن، داهاتی تاک، بيمەکانی کۆمەڵايەتیی و تەندرووستی، بوارەکانی بەرهەمهێنان، دادپەروەری و کەم کردنەوەی بۆشايی ئاستی ژيانی نەداران و سەرمايەداران و چەنديین بواری ترە.

ئێمە دەمانتوانی وڵاتەکەمان بکەينە نموونەيەکی شايان بەچاو لێکەری، نەک ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرە و دواوە بگەڕێينەوە.

ئێمە زۆر باسی نيشتمانپەروەری و نەتەوەپەروەری دەکەيین لە کاتێکدا ئێمە لە شاخ نين تا خەڵکی بڕوا بەو درووشمانە بکات، بەڵکو ئێمە دەسەڵاتين و دەکرێ لە مەيداندا بەکردەوە نیشتیمانپەروەریی خۆمان بسەلمێنين.

هێشتاش نەچووە بچێ، دەکرێ بە خۆماندا بچينەوە و بە کاری چاک و چاکسازی و خزمەتگوزاری زياتر و پێشکەشکردنی نموونەی جوانتر و باشتر رکابەری بەغدا بکەين.

ئ.م

Comments are closed.