“دەستگیرکردنی دلۆڤان ئەکرەم هەموو جۆرە توندوتیژییەکە بەرامبەر ژنان”

بڕوا ئەسعەد

ماوەی ٤٠ ڕۆژ زیاترە بەرپرسی ڕێکخراوی ڕژاک لە کەرکووک دەستگیر کراوە، ئەندامانی ڕێکخراوەکەش لەگەڵ ئەوەی داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی دەکەن دەڵێن: دەستگیرکردنی دلۆڤان ئەکرەم هەموو جۆرە توندوتیژییەکە بەرامبەر ژنان.

هێرش و بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ تا دێت چڕتر دەبێتەوە، جا تیرۆرکردنیان بێت لە ڕێگەی سیخووڕ و بەگرێگیراوانەوە یاخوود بە دەستگیرکردن و فشار درووستکردن بێت بۆ سەریان.

ڕۆژی ١٩ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکووک، ژنە سیاسەتمەدار و چالاکوانی کورد فریال سلێمان لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستیدا شەهیدکرا، لە هەمان ڕۆژدا هێزە ئەمنییەکان لەبری ئەوەی بکوژران دەستگیر بکەن، بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان- ڕژاک-یان لە کەرکووک دەستگیر کرد، ئەندامێکی ڕێکخراوەکەش دەستگیرکردنی مامۆستا دلۆڤان بە پێشێلکاری مافەکانی ژنان ناو دەبات و داوای ئازادیی بێ مەرجی بۆ دەکات.

سەبارەت بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ بە سەر دەستگیرکردنی دلۆڤان ئەکرەم ناسراو بە مامۆستا دلۆڤان، ڕووناک مەجید ئەندامی ڕژاک بە ڕۆژنیوزی وت: وەکو دەزانرێت لە سەرەتاکانی مانگی ئادارداین، کە ٨ـی ئەم مانگە ڕۆژی جیهانیی ژنانە، ئەبێت هەموو ژنێک بە ئازادیی تێکۆشانی خۆی بکات، ئەگەر لە هەر ڕێکخراوێک و پارتێکدا بێت، تەنانەت لە شوێنی کارەکەشی، پێویستە ئازادانە داوای مافەکانی خۆی بکات، لە دوای تیرۆرکردنی ژنە تیکۆشەر فریال سلێمان، مامۆستا دلۆڤان، بەرپرسی ڕێکخراوەکەمان (ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان) لە کەرکووک دەستگیرکرا.

ڕووناک مەجید
ڕووناک مەجید

ڕووناک مەجید ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنیەکان لە بری ئەوەی بکوژان دەستگیر بکەن، خەڵکی بێتاوان دەستگیر دەکەن، ئێمە داوا دەکەین لە حکومەت و هێزە عێراقییەکان، مامۆستا دلۆڤان بێمەرج و بە زووترین کات ئازاد بکەن، چونکە هیچ تاوانێکی نییە، دەبوایە ئێستا مامۆستا دلۆڤان لە دەرەوەی زیندان بووایە، بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە ئامادەکاری بۆ ڕۆژی جیهانیی ژنان.

دەشڵێت، دەستگیرکردنی مامۆستا دلۆڤان، جارێکی دیکە پێشێلکاریە بەرامبەر بە مافەکانی ژنان، بەشێکە لە هەموو ئەو توندووتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، هەر لە تیرۆرکردن و شەهیدکردن و ڕفاندن و دەستگیرکردن و لێدان و هەتا دەگاتە دەنگ بەرزکردنەوە بە سەر ژناندا.

چالاکییەکانی ژنانی کورد بۆ ڕۆژی ٨ـی مارس (ڕۆژی جیهانیی ژنان) دەستی پێکردووە، بەڵام توندوتیژیی و کوشتن و بە ئامانجگرتنی ژنان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەردەوامە و تا دێت چڕتر دەبێتەوە، لە دواین ڕووداوەکانی بە ئامانگرتنی ژنانی پێشەنگیشدا، تیرۆرکردنی ژنە سیاسەتمەدار و چالاکوان شەهید فریال سلێمان، دەستگیر کردنی مامۆستا دلۆڤان، هەروەها بەگشتیش کوشتن و قڕکردنی ژنان لە ئاستێکی بەرزدا بەردەوامە و تەنها لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٤ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون یاخود گومان لە شێوازی گیان لەدەستدانەکانیان هەیە.

ش. ئـ

Comments are closed.