ڕاپەڕین.. سەرهەڵدانی گەل لە شەوە زەنگی ستەمدا

باران گەرمیانی

ئەمڕۆ، ٣٣ ساڵی تەواو بەسەر توڕەیی گەل و ڕەتکردنەوەی شەوە زەنگی ستەم و داواکردنی ماف و بڵێسەی ئازادییدا تێدەپەڕێت، کە گەلی باشووری کوردستان لە دژی توندترین و زاڵمترین ڕژێمی مێژوویی بەعسدا ڕاپەڕی و ژێر دەستەیی و نادادی قەبوڵ نەکرد.

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ ڕژێمی عێراق هێرشی کردەسەر کوەیت و تێکشکا، لەلایەکی دیکەشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق دەستیان پێکردبوو، ستەم و نا دادییەکان بەرامبەر بە گەلی کوردیش گەیشتبووە لوتکەی خۆی ، بۆیە لە ٥ـی ئاداری ساڵی ١٩٩١، گەل پەتی ستەمی پچڕاند و بەرەو ئازادیی هەنگاو هاویشت و ڕاپەرینی لە دژی ڕژێمی سەدام ئەنجامدا.

ڕاپەڕین چۆن دەستیپێکرد

تا دەهات گوشارەکان لەسەر گەل و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی زیاتر دەبوون، چەند ساڵێکی پێش تریش ڕژێمی سەدام لە هەڵمەتێکی پاکتاو و قڕکردندا دەیان هەزار ژن و گەنج و منداڵی زیندە بەچاڵ کرد و پاشان بە کیمیاباران کردنی هەڵەبجە هیچ ڕێگەیەکی بۆ هەناسەدانی گەل نەهێشتەوە و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار کەس شەهید بوون.

ئەم هەوڵانە گەلیان گەیاند بە بڕیارێک، کە ئیدی دەبێت کۆتایی بە زوڵم و زۆرداریی بێت، ئەو بڕیارەش ڕاپەڕین بوو لە دژی ڕژێم و بەدەستهێنانی ماف و ژیانێكی ئازاد، سا بۆیە، لە ٥ـی ئادار، گەل لە ڕانیە سەرەتا خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، پاشان ئەم خۆپیشاندانە پەرەی سەند بۆسەر دامودەزگاکانی ڕژێم و بوو بە سەرهەڵدانی گەل لە شەوەزەنگی ستەمدا.

دوا بە دوای ڕاپەڕین لە ڕانیە، گەل لە هەموو ناوچە و شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان بەشداری ئەو سەرهەڵدانە بوون و تا ٢١ـی ئادار بە ڕزگارکردنی کەرکووک بە کۆتا هات.

پەکەکە چۆن بوو بە بەشێک لە ڕاپەڕینی گەل

پارتی کرێکارانی کورستان-پەکەکە، هەر لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای ئازادیی گەل، تێکۆشانی خۆی جۆشدا و بوو بە بەشێك لە گەل و لە پێناوی ئازادییدا سەدان شەهید دەبەخشێتە نیشتیمان، لە ڕاپەڕێنە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١، گەریلاکانی ئەرتەشی ڕزگاریی گەلی کورد-ئارگەکە، بڵێسەی ڕاپەڕێن دەبەنە هەرێمی بادینان و زاخۆ و گوند و شارەدێکانی، بە شێوەیەکی کرداری لەگەڵ گەل و عەشیرەتی “سندی” دەچنە سەر بنکە و بارەگاکانی ڕژێم و تەواوی هەرێمەکە لە سوپا پاک دەکەنەوە.

لێرەدا گەلی باشوور تێدەگات، پەکەکە هێزی گەلە و گەلیش پەکەکەیە، بەم بەشدارییەی گەریلا لە ڕاپەڕینی گەلی باشوور، ڕۆحی سەر‌ھەڵدانی باکووری کوردستان ئاوێتەی سەرھەڵدانی باشوور بوو و زەمینەیەکی ڕەخساند تا تێکۆشانی نەتەوەیی باکوور و باشوور یەکبخرێت و ببنە تەواوکەری یەکدی.

لەسەر ئەو بنەمایە، بە ئامانجی پاراستنی دەستکەوتەکانی تێکۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەری گەل و کۆکردنەوەی تێکۆشانی پارچەکان لە دەوری ستراتیژییەکی نەتەوەییدا، لە ساڵی ١٩٩١ـدا پارتی ئازادی کوردستان-پاک، لەلایەن کادیرانی خەڵکی باشوور کە تا ئەو کاتە لەنێو پەکەکەدا لە تێکۆشاندا بوون دامەزرا، بەڵام ھەر زوو ئەو پارتە لەلایەن دەسەڵاتی پارتە کوردییەکانەوە ڕووبەڕووی فشار و پەلامار و ھێرشی دژوار بوویەوە.

دوای ٣٣ ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا چی ڕوویدا؟

هەرچەندە تاکە ئامانجی گەل ڕەتکردنەوەی ژێردەستیی و ستەم و بنیاتنانی ژیانێكی ئازاد و خاوەن ماف بوو، بەڵام هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە، بە هۆی نەبوونی پەروەردە و بەڕێک نەخستنی گەل  و دەستبەسەرداگرتنی حکومەت لەلایەن دوو حزبی دەسەڵاتدارەوە، دەیان نەهامەتیی و کێشەی لێکەوتەوە.

چەند ساڵێکی کەم بەسەر ڕاپەڕیندا تێپەڕیی، یەنەکە و پەدەکە، دەستیان داوە شەڕی براکوژیی و بوونە بەربەست لەبەردەم هەوڵەکان بۆ یەکڕیزیی و یەکگرتوویی گەلی کورد.

دەبینرێت دوای ٣٣ ساڵ ڕاپەڕین، هاوڵاتییانی باشووری کوردستان بەدەست قەیرانە بەردەوامەکانی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەری هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق هەیە، بەم پێیەش مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی گەل هەیە.

هەرچەندە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین بۆ ئازادیی ڕادەڕبڕین و مافە کەسییەکان بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی پەدەکەوە، باشووری کوردستان بووە بە شوێنی ڕفاندن و ئەشکەنجە و کپکردنی دەنگی ئازاد و هەرکەسێک داوای سەرەتاییترین مافی بکات، لە ڕۆژی دواتردا لە زیندانە تاریکەکاندا خۆی دەبینێتەوە.

گەلی باشوور، ٣٣ سال پێش ئێستا، داگیرکاریی ڕژێمی قەبوڵ نەکرد و ڕاپەڕینی ئەنجامدا و هاواری ڕزگاریی و ئازادیی کرد، بەڵام ئێستا پەدەکە بووە بە داردەستە و ڕێگەخۆشکەری داگیرکەران و هەڕ ڕۆژێک بە سیناریۆیەک هەوڵی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەدات.

 

ب. جـ

Comments are closed.