ژنێک هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەدەم سکاڵاکەیەوە ناچن

ناوەندی هەواڵەکان

ژنێک، کە لەلایەن باوک و براکانییەوە ئەشکەنجەدراوە و بەهۆیەوە چاوێکی لەدەستداوە و هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە براکانی لە هێزە ئەمنییەکاندایە هەوڵدەدرێت کەیسەکەی ون بکرێت و ئاڕاستەی دادگا ناکرێت.

ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای هەولێر، ژنێک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەلایەن باوک و براکانییەوە ئەشکەنجە دراوە و بەهۆیەوە چاوێکی لەدەستداوە، سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێک لە براکانی لە کەرتی پۆلیسدا کار دەکات، ڕێگریی لە سکاڵاکەی دەکرێت بچێتە دادگا و هەوڵدەدەن لەژێر فشاری هەڕەشەی کوشتندا دەستبەرداری سکاڵاکەی بێت.

وەک باسی کرد، شەوی ٣ـی شووباتی ئەمساڵ لەلایەن باوک و براکانی هێرشکراوەتە سەر ماڵەکەیی و بە دەمانچە و چەک هەڕەشەیان لێ کردووە، پاشان منداڵەکانیان ڕفاندووە و دەرگای ماڵەکەیان قفڵ کردووە، بەڵام بە فەرمانی دادوەر دەرگای ماڵەکەی بۆ کراوەتەوە و گەڕاوەتەوە ماڵەکەی.

جارێکی دیکە لە ٥ـی شووبات هێرشیان کردووەتە سەری و ئەشکەنجەیەکی زۆری جەستەییان داوە، بەهۆیەوە برینی زۆر لە جەستەیدا درووست بووە و چاوێکی لەدەست داوە، هەروەها دووگیان بووە و منداڵەکەی لەدەست داوە.

ئەو ژنە، کە دایکی دوو منداڵە لە هاوژینی کۆچکردوویی، لەبارەی هۆکاری ئەشکەنجەدانەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، باوک و براکانی دەیانەوێت لەو خانووەی پاش کۆچی دوایی هاوژینی یەکەمی بۆی ماوەتەوە دەری بکەن و دەستبگرن بەسەر موڵکەدا.

داواکاربوو سکاڵاکەی ون نەکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگا زوو بە دەم کێشەکەیەوە بچن، چونکە ژیانی خۆی و منداڵەکانیشی لە مەترسییەکی جدییدایە.

ش. ئـ

 

Comments are closed.