سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانى کرد

ناوەندی هەواڵەکان

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بڵاوى کردەوە، سەرۆکی سێنتکۆم لەچوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کۆبووەتەوە، دەشڵێت، سەردانەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی شەڕی چەتەکانی داعشە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبارەی سەردانێکی جەنەڕاڵ مایکل ئێریک کۆرێلا سەرۆکی ناوەندەکە بۆ ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی سێنتکۆم لەچوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ بەرپرسانى ڕۆژئاواى کوردستان کۆبوەتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەى شەڕی چەتەکانی داعش لە ناوچەکەدا کراوە.

دەشڵێن، لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ـی شوبات، ژەنەڕاڵ کوریلا سەردانی دامەزراوەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکای کردووە لە ئوردن و سوریا، لەوانەش ناوچەی تاوەر ٢٢ و ناوچەی تەنف و هێڵی ئاسمانی ڕومەیلان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەردانی کامپەکانی ڕۆژ و هۆلیشی کردووە، لەوێ لەگەڵ بەرپرسان و دەیان دانیشتووی کامپەکە کۆبووەتەوە لەبارەى گەڕاندنەوەی خێزانى چەتەکانی داعش بۆ وڵاتانى خۆیان.

ڕ.ش

Comments are closed.