بەرزترین تاڤگەی باشووری كوردستان و عێراق بە هۆی سەرماوە بەستوویەتی

باڵەکایەتی

بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی سەرما و دابەزینی پلەكانی گەرما لە سنووری باڵەكایەتی، سەرجەمی كانی و سەرچاوە ئاوییەكان بەستوویەتی، یەکێک لەوانەش تاڤگەی کانی بەستییە، کە بەرزترین تاڤگەی باشووری کوردستان و عێراقە، ئەمەش دیمەنێکی جوانی بە تاڤگەکە بەخشیوە.

تاڤگەی كانی بەست، لە دەڤەری باڵەكایەتی، كە بە بەرزترین تاڤگەی باشووری كوردستان و عێراق دادەنرێت، بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی سەرما و گەشتنی پلەی گەرمی بە ١٠ پلەی ژێر سفر، بە تەواوەتی بەستوویەتی و بووەتە پارچەیەك سەهۆڵ، ئەم دیمەنەش بووە بە جێی سەرنجی گەشتیاران و ساڵانە بۆ بینینی ئەو دیمەنە سەردانی ناوچەکە دەکەن.

عومەر ئەحمەد
عومەر ئەحمەد

عومەر ئەحمەد، یەکێک لەو گەشتیارانەیە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: تاڤگەی كانی بەست بە یەكێك لە جوانترین تاڤگە و شوێنە جوانەكانی كوردستان دادەنرێت، ئەوەش وای كردووە ڕێژەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی بكەن و ببێت بە ناوچەیەكی گرنگی گەشتیاریی.

ئەو گەشتیارە، ئاماژە بەوەش دەكات، لە كوردستان و باڵەكایەتی ڕێژەیەكی زۆر سەرچاوەی ئاو و كانی و تاڤگە هەیە، بەڵام تاڤگەی كانی بەست لە هەرچوار وەرزەکەی ساڵ جوانییەکانی خۆی پیشان دەدات، تەنانەت لە وەرزی زستانیش بەهۆی بەستن و سەهۆڵەكەی بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران.

هەروەها، هیوا محەمەد، یەكێك لە فۆتۆگرافەرانی ناوچەكەیە و وتى: بەهۆی هاتنی سەرمایەکی زۆر بۆ باڵەكایەتی وای كردووە تاڤگەی كانی بەست بە تەواوەتی ببێت بە یەك پارچە سەهۆڵ و دیمەنێكی زۆر جوانی بە سنوورەكە بەخشیوە، هەر ئەوەش وای كردووە بەردەوام بەم سەرمایەش گەشتیاران

هیوا محەمەد
هیوا محەمەد

هیوا وتیشی: لە چاوی فۆتۆگرافەران تاڤگەی كانی بەست گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە سەرجەم وەرزەكان جوانە و سەرنج ڕاكێشە، فۆتۆگرافەرانیش بۆ چرکاندنی وێنەکانیان دێنە نزیک تاڤگەکە.

تاڤگەی كانی بەس، تاڤگەیەكی سرووشتیی كوردستانە و دەكەوێتە نێوانی هەردوو چیای كۆخە و شێح ناسر، بە دووری نزیكەی هەشت كیلۆمەتر دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەسرێ لە دەڤەری باڵەكایەتی، بەرزی  تاڤگەكە هەزار و ٧٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، وەك ئاماژەیەك بۆ بەرزترین تاڤگە، كە بەرزیەكەی ٣٧ مەترە، وێنەكەی لەسەر دراوی پەنجا هەزاریی دیناری عێراقی نەخشێندراوە.

ب. جـ

Comments are closed.