سەرۆکى یەنەکە: سازش لە هەڵوێستەکانمان ناکەین بۆ تورکیا

ناوەندى هەواڵەکان

بافڵ تاڵەبانى ڕایگەیاند، پەکەکە دوژمنى ئێمە نیین، هاوکات نیگەرانین لە هێرشە درۆنییەكانی توركیا كە لەماوەی رابردوودا سێ هاوڕێی ئێمەیان شەهید كرد، داواکارم تورکیا وەك دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەنەکەدا نەكات، هاوكات دەرگامان بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن كراوەیە، بەڵام لەژێر هیچ فشارێكدا سازش لە هەڵوێستەكانی خۆمان ناكەین”.

بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەنەکە لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێک لە دیدارى ڕافیدەین لە شارى بەغدا سەبارەت بە چەند پرسێک بەمجۆرە زانیارىی خستەڕوو:-

بافڵ تاڵەبانى ڕایگەیاند، “پەکەکە دوژمنى ئێمە نین، یەكێتی ئامانجێتی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ پەیوەندییەكی بەهێزتری هەبێت و كار بۆ بەرژەوەندی هاوبەش بكات، هاوكات ئێمە وەك دوژمن لە حكومەتی عیراق ناڕوانین”.

ئاماژەی بەوەشدا،”نیگەرانین لە هێرشە درۆنییەكانی توركیا، كە لەماوەی رابردوودا سێ هاوڕێی ئێمەیان لە باشترین هێزەكانی ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆرستان شەهید كرد، بۆیە داواكارم لە توركیا كە بە سەرچاوە هەواڵگرییەكانیدا بچێتەوە و وەك دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا نەكات، هاوكات دەرگامان بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن كراوەیە، بەڵام لەژێر هیچ فشارێكدا سازش لە هەڵوێستەكانی خۆمان ناكەین”.

دەشڵێت، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانەوە قورس و سەخت بوو، بەو پێیەی لە ساڵانی رابردوودا ھەڵبژاردنی نادادپەروەرانە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام درابوو.

وتیشى، چەند لایەنێک دەیانەوێت ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، بەڵام گرنگە بەپێی رێککەوتنی نوێ ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق بمێننەوە.

سەرۆکی یەنەکە ڕاشیگەیاند، ئەمریکییەکان پێویستە بزانن عێراق دەیەوێت پەیووەندی لەگەڵ سەرجەم وڵاتان درووست بکات بەشێوەیەک، کە لە بەرژەوەندی عێراق بێت و پێویستە واشنتن لە بارودۆخی عێراق تێبگات.

بافڵ تاڵەبانى باسى لەوەشکرد، ناکرێت وەکو دژمن لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکرێت، بەڵکو دەبێت بەشێوەیەکی واقیعی مامەڵە بکرێت و ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوولادا بێت.

ئ.م

Comments are closed.