بەهۆی هێرشی حووسییەكانەوە هەزار و ٤٣٣ كەشتی ڕێڕەوی هاتووچۆى خۆیان گۆڕیووە

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی دەستەی كەناڵی سوێس لە میسر ڕایگەیاند، تا ئێستا هەزار و ٤٣٣ كەشتی لە دەریایی سوور بەهۆی هێرشی حووسییەكانی یەمەنەوە ڕێڕەوی هاتووچۆى خۆیان بۆ كەناڵی سوێس گۆڕیووە، دەشڵێت، بەهۆی هێرشەكانەوە ترانزێتی كەشتیووانی لە ڕێگەی كەناڵی سوێسەوە دوو لەسەر سێ كەمی كردووە.

لیوا ئوسامە ڕابی، سەرۆكی دەستەی كەناڵی سوێس لە میسر، لە بارەی ژمارەی ئەو كەشتیانەی، کە بەهۆی هێرشی حووسییەكان ڕێڕەویان بۆ كەناڵی سوێس گۆڕیووە بۆ میدیا عەرەبییەكان دەدوێت.

لیوا ئوسامە ڕابی ڕایگەیاند، تا ئێستا هەزار و ٤٣٣ كەشتی لە دەریای سوور بە هۆی هێرشی حووسییەكانی یەمەنەوە ڕێڕەویان بۆ كەناڵی سوێس گۆڕیووە، ئەم هێرشانە بووە بەهۆی زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی كەشتیەكان و درێژبونەوەى گەشتەكان، كە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵای جیهانی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ شەپۆلێكی هەڵاوسانی جیهانی.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی هێرشەكانی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییەكان لە دەریایی سوور، جوڵەی هەفتانە و ترانزێتی كەشتییە بارهەڵگرەكان لە ڕێگەی كەناڵی سوێسەوە زیاتر لە دوو لەسەر سێی كەمی كردووە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیووانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریای سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج، ئەمەش وایكردووە هاتووچۆی كەشتییەكان لە دەریایی سوور كەمتر ببێتەوە، هەروەها ڕێگەی دیكە بگرنەبەر بۆ ئەوەی لە هێرشی حووسییەكان ڕزگاریان بێت.

هـ.ئ

Comments are closed.